هەپگە کوژرانی حەوت سەربازی تورکیای راگەیاند

هێزەکانی پاراستنی گەل(هەپەگە)رایگەیاند، لە ئەنجامی چالاکییەکانی گەریلاکان لە سنورەکانی هەرێمی کوردستان حەوت سەربازی سوپای تورکیا کوژراون.

ئەمڕۆ شەممە ٢١ی نیسانی ٢٠١٨ ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل(هەپەگە)،راگەیەندراوێکی لەبارەی ئەنجامی چالاکیی گەریلاکان و هێرشەکانی سوپای تورکیا بڵاوکردەوەو رایگەیاند،" دوێنێ هەینی کاتژمێر ٠٩:٣٠ خولەک لە گردی لێلیکان کە دەکەوێتە سەر سنوورەکانی باشوری کوردستان، چالاکییەک لە دژی سوپای تورکیا ئەنجامدرا، لەو چالاکییەدا گورزی سەخت لە پێگەکانی سوپای تورکیا درا، بەڵام ژمارەی کوژراو بریندارەکانی سوپا ئاشکرا نەبوو".

ئاماژەی بەوەشداوە، هەر دوێنێ هەینی  لە دوو کاتی جیاوازدا کاتژمێر١١:٤٠ خولەکی نیوەڕۆ و  ٠٢:٠٠ی پاش نیوەڕۆ لە گردی لێلکان چالاکییەکی دیکە لە دژی سوپای تورکیا ئەنجامدرا، لەو چالاکییەدا دوو سەربازی سوپای تورکیا کوژران".

ناوەندی هەپەگە لە بارەی چالاکییەکی ئەمڕۆی گەریلاکانیشەوە ئەوەی خستوەتەڕوو،"ئەمڕۆ شەممە کاتژمێر ٠٩:٠٠ی سەرلەبەیانی لەسەر گردی کۆردینەی سەربە چەلێی جولەمێرگ چالاکییەک لەلایەن گەریلاکانمانەوە ئەنجامدرا، لەو چالاکیەشدا گورزی سەخت لە پێگەکانی سوپای تورکیا درا".

لە درێژەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "ڕۆژی ١٨ی نیسان کاتژمێر ٠٩:٠٠ی سەرلەبەیانی لە گردی کولندی سەربە ناوچەی هەرەکۆلی سێرت چالاکییەک لەلایەن گەریلاکانمانەوە ئەنجامدرا، لەو چالاکییەدا پێنج سەربازی سوپای تورکیا کوژران و دووانی دیکەش برینداربوون".

ناوەندی هەپەگە لە کۆتایی راگەیەندراوەکەیدا باسی لەوەشکردووە، "دوای ئەوەی سوپای تورکیا ناچار بوو لە ناوچەی هەرەکۆل پاشەکشە بکات و نەیتوانی هێزەکانی بگەیەنێتە شوێنی ئۆپەراسیۆنەکە، دەستیکرد بە بۆردوومان کردنی ئەو ناوچەیە، لە ئەنجامدا حەوت گەریلامان شەهیدبوون، کە بە زوویی ناسنامەی ئەو شەهیدانە بە ڕای گشتی ڕادەگەیەنین".



PM:05:54:21/04/2018