هەولێر لە هەندرێنی پێشەنگی بردەوە



لە قۆناغی دووەمی خولی یانە نایابەكانی كوردستان و لە گەڕی چوارەمدا، یانەی هەولێر لە یاریگای یەكەمی فرەنسۆ هەریری میوانداری یانەی هەندرێنی پێشەنگی كرد و یاریەكەیشی بەئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێك بردەوە.

نیوەی یەكەم
لەگەڵ فیكەی ناوبژیوان زانا عەبدوڵا باران دەستی پێكرد و هەورە تریشقەیشی لەگەڵ بوو، بەڵام ئەمە كاریگەری نەكردە سەر ئاستی یاریزانانی هەردوو لا، تا خولەكی 27 هەوڵەكانی هەردو یانە هیچ گۆڵێكی لێ بەرهەم نەهات، زیاتر لە دەرەوەی ناوچەی سزا خۆیان تاقی دەكردەوە، ئینجا لە خولەكی 28 (دانا عوسمان) گۆڵكاری یانەی هەولێر توانی لە پاسێكی جوانی كۆسرەت بایز گۆڵی پێشكەوتن بۆ هەولێرییەكان تۆمار بكات.
لە نیوەی یەكەمدا هەندرێنی میوان زیاتر بە تۆپی درێژ یاری دەكرد، هەولێریش هەوڵی دەدا زیاتر كۆنترۆلی تۆپ بكات، لە خولەكی 39 (مەحەمەد سامی) یاریزانی لاوی یانەی هەندرێن كە خەڵك بە (حەمە ئیتۆ) بانگی دەكەن، تۆپێكی ئاراستەی گۆڵی هەولێر كرد، بەڵام دیدار حامد بەرپەرچی دایەوە.
لەخولەكی یەكەمی كاتی زیادكراودا (فەرهەنگ تەها) كاپتنی یانەی هەندرێن دەرفەتێكی زێڕینی لەدەستدا، كاتێك لەبەردەمی گۆڵی هەولێر هاوشێوەی یاریزانانی ڕەكبی تۆپەكەی بۆ ئاسمان نارد، نیوەی یەكەم بەپێشكەوتنی یانەی هەولێر بە تاكە گۆڵەكێك كۆتایی هات.

نیوەی دووەم
لە نیوەی دووەمدا بارزان یوسف گۆڵپارێزی یانەی هەندرێن تۆڕی گۆڵەكەی پاراست، كاتێك لەخولەكی 57 بە پەنجەكانی تۆپێكی مەترسیداری یونس شەكوری هێرشبەری هەولێری فڕێ دایە كۆڕنەرەوە.
لە خولەكی 72 دیدار حامد گۆڵپارێزی هەولێر، رۆڵی یاریسازی بینی و تۆپێكی درێژی بۆ یونس شەكور ڕەوانە كرد و ئەویش بەئاسانی گۆڵی دووەمی قەڵاو منارەی تۆمار كرد،كە ئەمە یەكەم گۆڵی ئەو یاریزانە بوو لەم وەرزەی خولی نایابدا.
لەخولەكی 82 كارزان مستەفا یاریزانی یەدەگی یانەی هەندرێن، گۆڵی بەرامبەر بوونی بۆ یانەكەی تۆمار كردەوە، كاتێك تۆپێكی بۆ گۆڵی هەولێر ڕەوانە كرد، دیدار حامد لەسەر هێڵی گۆڵ تۆپەكەی كۆنترۆڵ كرد، بەڵام یاریدەدەری یەكەمی ناوبژیوان ئاڵاكەی بەرز كردەوە و ئاماژەی بۆ گۆڵ كرد، ناوبژیوانیش فیكەی گۆڵی لێدا، ئەم گۆڵە گوماناوییە بووە هۆی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی و یاریزانانی هەولێر ڕەخنەیان لە بڕیاری یاریدەدەری ناوبژیوان هەبوو.
لە 10 خولەكی كۆتایی و 6 خولەكی كاتی زیادكراودا، یاریزانانی هەندرێن لەهەموو لایەكەوە فشاریان بۆ سەر گۆڵی هەولێر برد و مەترسییان خستە سەر گۆڵی هەولێرییەكان، لە دواین خولەكی كاتی زیاد كراودا، دیدار حامد لە دووری تەنیا دوو مەتر تۆپێكی مەترسیداری عامر فازڵی هێرشبەری یانەی هەندرێنی دوور خستەوە و بووە فریادرەسی یانەكەی.
بەم چەشنە یارییەكە بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر تاكە گۆڵێك بەسوودی یانەی هەولێر كۆتایی هەولێر بەم بردنەوەیە ژمارەی خاڵەكانی بووە 15 خاڵ هەر لەخانەی پێنجەم مایەوە، یانەی هەندرێنیش بەم شكستە بە 21 خاڵ هەر لە پێشەنگ مایەوە.


یەکێتی تۆپی پێی کوردستان


PM:08:23:21/04/2018