چیرۆکی ئەو کچەی هەژاری کردی بە لەشفرۆش

"سارا"ی تەمەن ٢٧ساڵ لەپێناو دابینکردنی بژێوی خۆی وخێزانەکەی چەندین رێگای ئەستەم و دژوار دەگرێتەبەر، تا لەدوایین جاردا لەبەردەم رێگای "لەشفرۆشی" دەگیرسێتەوە، ئیدی ئەوە دەبێتە تەوقێک لە ملیدا و ناتوانێت رێگایەکی دیکەی ئارام بۆ ململانێیکانی لەگەڵ ژیانی هەژاری تاقی بکاتەوە.

سەرەتا سارا هاوسەرگیری لەگەڵ خزمێكی باوكی دەكات، بەڵام هاوسەرگیرییەکەی تەنها چەند مانگێك دەخایەنێت و مێردەکەی لێی جیا دەبێتەوە، پاش ساڵێک لە جیابوەنەوەکەی بە هەمانشێوە دایك و باوكییشی لە یەكتر جیا دەبنەوەو باوکی حاشایان لێدەکات، ئیتر چیرۆکەکە لێرەوە دەست پێدەکات.

دوای جیابوەنەوەی دایک و باوکی، سارا لەگەڵ دایکیدا لە رێگای کۆمپانیاکانی کارکردنەوە لە شاری سلێمانی دەستدەکات بە کاری پاککردنەوەی ماڵان، بەڵام بەهۆی نەخۆشکەوتنی دایکی، سارا بەتەنها کاردەکات و ئەرکی پەیداکردنی بژێوی دایکی و دوو خوشکەکەی دەگرێتە ئەستۆ.

سەرەتای تێکەڵبوونی بە لەشفرۆشی بۆ دوای نەخۆشکەوتنی دایکی دەگەڕێتەوە کاتێک کە بەتەنها دەمێنێتەوە خاوەن کۆمپانیای کارەکەی لەبەرامبەر زیادکردنی موچەکەی بە بڕی دوو هێندەی پیشووی، داوای ئەنجامدانی کاری سێکسی لێدەکات.

سارا دەڵێت، "لەكوێوە باسی ئەو ژیانە پیسەمت بۆ بكەم، باسی ناپیاوی باوكم یان ناپیاوی و داوێنپیسی ئەو پیاوانەی دەستم ماچكردن تا كارێكی شەریفانەم پێ بدەن بۆ ئەوەی داهاتێكی حەڵاڵم هەبێ بۆ دایكی داماو و خوشكە قوڕبەسەرەكانم، كە لەوانەیە داهاتووی ئەوانیش لەمن باشتر نەبێت، ئیتر پێم ناڵێی لە كوێوە دەست پێ بكەم".

"ئەوكاتەی دایكم توانای كاری نەما، زۆر هەوڵم دا من بێكار نەبم، وەك خزمەتگوزار لە كۆمپانیایەك وەرگیرام، دوای ماوەیەك خاوەن كارەكە رازی كردم لە بەرانبەر دەبڵكردنەوەی مووچەكەم سێكسی لەگەڵ بكەم، ئەوە سەرەتای ئەو ژیانە ناچارییەیە كە من هێشتا بەردەوامم تیایدا"، سارا وای وت.

بە وتەی سارا،
 "لەشفرۆشی وەك تلیاك وایە، كاتێك تێدەكەویت ئیتر دەرچوون نییە بە مردن نەبێت، چونكە لەلای هەندێك وێنە و لای ئەویتر ڤیدیۆ و لای یەكێكی تر هەندێ خاڵی لاواز جێ دەهێڵی. ئەو پیاوانەیش بەهۆی ناشەریفییان، ئەوانە دەكەن بە كارت و هەركات ئارەزوویان بوو لە دژت بەكاری دێنن، بۆیە دەرچوون لەو كارە زۆر ئەستەمترە لەوەی هەر كەس لە دوورەوە بڵێت وازهێنان باشترین شتە" .

لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت، "پیاو زۆر لەوە گەوجترە كە لە ماڵەوە بەسەر ژنەكەیدا دەنەڕێنێ و خۆی وەك پاشا دەردەخات"، چونكە بۆ كەسێكی وەك من، بە "پارەی خۆیشی" ئینجا وەك ئاژەڵ هەڵیدەسووڕێنم، كەچی لای خەڵك وەك مەردایەتی باسی سێكسەكە دەكات، لە كاتێكدا ئەوە هیچ ئارەزوویەكی تیادا نییە بە پارەكەی دەستی دەكەوێ نەك پیاوەتی خۆی، بۆیە ئەو پیاوانە سووكن، ئێمەیشیان سووك كردووە، بۆیە لەم دنیایەی ئێمە و پیاوە پارەدارەكان دەژین، دنیای بێ كەرامەتییە".

سارا باس لەو کارەساتانە دەکات کە بەهۆی لەشفرۆشی بەسەری هاتون و دەلێت، "جارێك دوو كوڕی گەنج مامەڵەیان لەگەڵ كردم كە هەریەكەیان بەجیا بێنە لام و حەقەكەشم بدەنێ، چووینە شوقەیەك، كەچی دوو كوڕی تریشی لێ بوو، من ئەگەر لەشفرۆشیش بم پرەنسیپی خۆم هەیە و سێكسی بە كۆمەڵ ناكەم، بۆیە كردم بە هەرا، بەڵام ئەوان چوار بوون، بە لێدان و هەزار جنێو و سووكایەتییەوە هەرچواریان هاتنە لام، دواتر یەكێكیان بردمی و تۆزێك لە دوور شوقەكە فڕێی دام، بەهەزار حاڵ تاكسیم گرت و گەیشتمە ماڵ، ئەوكاتە نزیكەی مانگێك لە جێ كەوتم، هەموو جەستەم تێكچوو بوو هەم دەروونم زۆر خراپ بوو، جا نەگبەتی ئێمە لەوەدایە نە دەتوانین سكاڵا تۆمار بكەین لای پۆلیس نە داوای مافیشمان بۆ دەكرێ".

لە کۆدایی دیدارەکەدا کە لەگەڵ ماڵپەڕی "وشە" ئەنجامیداوە سارا دەستبەرداربونی لەکارەکەی رەتدەکاتەوەو پێی وایە "ئەگەر واز لەو کارەی بهێنێت خێزانێک دەفەوتێت" بۆیە دڵی خۆی بەوە خۆشدەکات، کە بە پارەی لەشی ئەو خێزانەكەی بە خۆشبەختی دەژین، ئەگەرچی دلنیایە لەوەی کە چارەنووسی خۆی لەو رێگەیەدا لەدەستداوە.



PM:09:10:22/04/2018