کاندیدێکی گۆڕان: لە دادگا ٨٠٠ کەس داوا کراوە کە زیاتر لە جارێک دەنگیانداوە

کاندیدی گۆڕان بۆ پەرلەمانی عێراق، چیمەن محەمەد رەشید ئاشکرای دەکات لە ئێستادا ٨٠٠ کەس لەدادگا داوا کراون لەبەرئەوەی لە هەڵبژاردنی پێشوو زیاتر لە جارێک دەنگیان داوە.

لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ سپی لەسەر دۆخی هەڵبژاردنەکان و پەیوەندی هەرێم و بەغدا، چیمەن محەمەد رەشید کاندیدی ژمارەی ١٤ ی لیستی ١٤٢ ی گۆران دەڵێت " ئەو ٨٠٠ کەسەی کەزیاتر لە دەنگێکیان داوە لە دادگاکانەوە بەدواداچوونی بۆ دەکرێت و لەکاتی ساغبوونەوەی تاوانەکە بەسەریاندا سزای توند دەدرێن".

چیمەن محەمەد رەشید لەو چاوپێکەوتنەدا لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن و دەنگەکانی بزووتنەوەی گۆڕان و دروستبوونی لیستی نوێ و کاریگەی لەسەر لسیتەکەی ئەوان، دەڵێت " لەوانەیە هەندێ لایەن هەبێت ئیش لەسەر ئەوە بکەن، تەنانەت هاوکاریش کرابن لەدەنگەکانی گۆڕان ببەن، بەڵام ئێمە دڵنیاین ئەو چوار موالیدەی کە ئەمجارە دەنگ دەدەن بەگوڕی تین بەرەو گۆڕان دێن، ئەوەی ئەشیبنم ئایندەی گۆڕان گەشە"، ئەو دڵنیایە لەوەی کە گۆڕان دۆخی لەم هەڵبژاردنەدا لە وانەی پێشوو باشترە.

لەبارەی دۆخی یەکێتی کە لەناوچەکانی سلێمانی کێبەرکارێکی سەختی گۆڕان بوون لە پێشووشدا، چیمەن چیمەن پێیوایە ئەو ناکۆکیەکانەی لەنێو ئەو حیزبەدایەو، تێڕوانیانیان دەربارەی مەسەلەی درێژکردنەوەی کورسی سەرۆکایەتی هەرێم کاریگەری سەلبی لەسەر دەنگەکانیان دروست دەکات .

بۆ بانگەشەی ناسینی کاندیدەکان، گۆڕان لە هەولێرەوە دەستی پێکرد، چیمەن محەمەد جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەوان بۆیە لەهەولێرەوە دەستیان پێکردووە " لە بەرئەوەی بیسەلمێنین هەولێر شارێکە لەشارەکانی کوردستان، نەک هی حیزب و بنەماڵەیەک، هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستانە".

سەبارەت بە بەرنامەی گۆران لەمەڕ پرسی ژنان، ئەو کاندیدەی گۆڕان باس لەوە دەکات، هەر لەسەرەتای دروستبوونی گۆڕانەوە ئەوەیان خستە ڕوو ژن بە بارو دۆخێکی خراپدا دەڕوات، لەسەرەتاوە ئەوان داوای مووچەی کابانی ماڵیان کرد لەکوردستان، حیزبەکانی تر وەلامێکی ئەوتۆیان نەبوو بۆ ئەو پرۆژەیەی ئەوان، چیمەن دەشڵێت "ئەمانەوێ ئەو یاسایانەی لەبواری کۆمەڵایەتی و بۆ ژنان دەردەچن لەسەر بنەمای دیموکراسی و یەکسانی بێت و، ڕێگربین لە هەر یاسایەک کە لە بەرژەوەندی ژن نەبێت".

 چیمەن محەمەد کە خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لەبواری راگەیاندندا، ئەو پێیوایە کە کورد لەبەغدا خاوەنی ختابێکی هاوبەش و بەرنامەیەکی هاوبەشمان نەبووە، هەروەها ئەو سیاسەتە نادروستەی لەهەرێم بەرامبەر بەغدا پەیڕەکراوە، کە پەیوەندیەکانیان لەگەڵ بەغداد لەسەر حسابی بەرژەوەندی حزبی و بنەماڵەیی بیناکردووە، ئەنجامەکەشی بەوە شکاوەتەوە کە قەبارەی کورد رۆژ بەرۆژ بەرەوبچووکبوونەوە بڕوات".

کاندیدەکەی گۆڕان هاوڵاتیان لەمەترسی نەچوونیان بۆ دەنگدان ئاگادار دەکاتەوەو دەڵێت "تێبینیم کردووە حزبەکانی دەسەڵات کە ئەزانن حیزبێکی وەک گۆڕان دەنگی زۆر دەهێنێت، پڕوپاگەندە دەخەنە ناو خەڵک و، دەڵێن: دەنگدان هیچ ناگۆڕێ، کە ئەمە ڕاست نیە، چونکە لەرێگای دەنگدانەوە هەموو شتێک دەگۆڕدرێت"، ئەو داوا دەکات هەموو ئەو هاوڵاتیانەی مافی دەنگدانیان هەیە رۆژی دەنگدان بچنە سەر سندوقەکان  و دەنگی خۆیاب بدەن.
دەقی چاوپێکەوتنەکە..





PM:11:12:23/04/2018