پارتی رەتیدەکاتەوە لە کەرکوک دەنگ بە لایەنێک بدات

پارتی دیموکراتی کوردستان کە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی لەپارێزگای کەرکوک بایکۆتکردووە، رەتیدەکاتەوە رێنمایی دابێتە لایەنگرانی حیزبەکەی، دەنگ بە کاندیدی هیچ حیزبێکی تر بدەن.

عەدنان کەرکوکی وتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لەکەرکوک، بەدەنگی ئەمەریکای راگەیاندووە"ئەو زانیاریانە راست نین، گوایە ئێمە لایەنگرانی حیزبەکەمان راسپاردبێت تا دەنگ بە کاندیدی حیزب و لایەنی تر بدەن."

هەرچەندە لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوکراوەتەوە کە گوایە پارتی رێنمایی داوەتە لایەنگرانی حیزبەکەی، تا دەنگ بەکاندیدی سۆسیالیست و یەکگرتوی ئیسلامی بدەن، بەڵام ئەو زانیاریانە رەتدەکرێتەوە.

لەهەڵبژاردنی پێشوتری پەرلەمانی عێراقدا، پارتی لەپارێزگای کەرکوک نزیکەی 63 هەزار دەنگی هێنا و بووە خاوەنی دوو کورسی، بەڵام هەڵبژاردنی ئەمجارەی لەکەرکوک بایکۆتکردووە.

لە هەڵبژاردنی پێشوی پەرلەمانی عێراقدا کورد لەکەرکوک 8 کورسی بەدەستهێنا.



AM:12:22:25/04/2018