مەسرور بارزانی: خیانەت وایکرد ئەنجامەکانی ڕیفراندۆم بەدی نەیەت

مەسرور بارزانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان  رایدەگەیەنێت ڕیفراندۆم شکستی نەهێناوە و دەڵێت "بەهۆی خیانەتی چەند کەسێک تا ئێستا ئەنجامی چاوەڕوانکراوی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان نەهاتووەتە دی".

ئەمڕۆ پێنجشەممە مەسرور بارزانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئاهەنگێکی جەماوەیی یەکێتییەکانی لاوان و قوتابییانی کوردستان لە هەولێر بۆ بانگەشەکردن بۆ لیستی پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، وتارێکی پێشکەش کرد

مەسرور بارزانی وتی "بەشداریکردنتان لەم هەڵبژاردنە چارەنووسسازە، چارەنووسسازە لەبەر ئەوەی دەنگی ئێوە، بڕیاری ئێوە، حوکمدانە بەسەر ڕابردوو و درووستکردنی ئایندەیە. ئێوەن کە دەتوانن بە هەموو لایەنەکان بڵێن ئایا ئێوە لە جۆری ئەدای ئەوان ڕازی بوون یان نا، وە متمانەتان بە کێیە بۆ ئەوەی لە داهاتوو سەرکردایەتیتان بکات

وتیشی "بۆ ئێمە ئەم هەڵبژاردنە تەحەدایەکە، چونکە بەشداریمان لە ڕیفراندۆمێک کرد بۆ دەستنیشانکردنی مافی چارەنووسی نەتەوەکەمان، بەڵام زۆر بەداخەوە، بەهۆی خیانەتی چەند لایەنێک، بەهۆی خیانەتی ئەو چەند کەسە، ئەو ئەنجامەی چاوەڕێی بووین، تا ئێستا نەهاتۆتە دی. بەڵام مانای وانییە کە ڕیفراندۆم ڕێگەمان لێ دەگرێت بە هەموو شێوەیەک خەبات بۆ دەستەبەرکردنی ئەم مافە بکەین

ئەوەشی خستەڕوو "ئەو ڕۆژەی ڕیفراندۆمیشمان کرد، بۆ ئەوە بوو کە بڕیاری میللەتەکەمان بەدەستەوە بێت کە چۆن لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ بکەین بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی ئاسایی و پێشکەوتوو لەگەڵ عێراق


ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "ئێمە نەمانویستووە شەڕ ببێ و ناخۆشی ڕووبدات و دوژمنکاری لە نێوان ئێمە و عێراق هەبێت. بەڵام بەپێچەوانەوە زۆر لایەن هەبوون کە ویستیان بە ئەنقەست نیەت و مەرامی میللەتمان لێک بدەنەوە و هێرشێکی ناڕەوایان کردە سەر کوردستان و بە هاوکاریی چەند لایەنێکی خۆفرۆش و خاک فرۆش، توانییان کێشەی گەورە بۆ وڵاتەکەمان دروست بکەن".

وتیشی "لایەن هەیە لەناو هەرێمی کوردستانەوە خەڵکی هان دەدا بۆ چوونە ناو داعش و ئێستاش داوای دەنگتان لێدەکەن، بۆیە ئێستا بڕیار لای ئێوەیەکام لایەن هەڵدەبژێرن



AM:11:35:26/04/2018