هاتوچۆی گەرمیان: بەسەر رێگە نوێیەکەى نێوان کەلار -ناحیەى ڕزگارى هاتوچۆ نەکەن

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی گەرمیان داوا لە شۆفێران دەکات کە بەسەر رێگا نوێیەکەی نێوان کەلەر-رزگاریدا نەڕۆن، لە ئەگەری بەکارهێنانی رێگاکەو و دروستبونی روداوی نەخوازراو، سەرپێچیکار توشی سزای یاسایی دەبێتەوە.

بەشی راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی گەرمیان لە راگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ "سپی" نێردراوە، تیایدا شۆفێران ئاگاداردەکاتەوە، کە ڕێگا نوێیەکەی نێوان ( کەلار بۆ ڕزگاری) بەشێوەیەک فەرمی نەکراوەتەوە، هەتاوەکو بەشێوەیەکی فەرمی نەکرێتەوە هاتوچۆکردن و بەکارهێنانی قەدەغەیە.

هەروەها داواش لە شۆفێران دەکات، کە هاوکاریانبن و ئەوڕێگایە بەکارنەهێنن، تاهەموان لەکارەسات و ڕوداوی نەخوازراو بەدوربن.

هاوتوچۆی گەرمیان ئاماژە بەوەشدەکات، لەکاتی بەکارهێنانی ئەو ڕێگایە یان دروستبونی ڕوداوی نەخوازراو لەوڕێگایە، سەرپێچی کار توشی سزادەبێت.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، هاوتوچۆی گەرمیان داواش لە کۆمپانیای جێبەجێکار دەکات کەکارەکەی ئەنجامداوە، هەردوو سەری ڕێگاکەدابخات، تا ئەوکاتەی ڕێگاکە بەشێوەیەکی فەرمی لەلایەن حکومەتەوە دەکرێتەوە".

پرۆژەى دوو سایدى ڕێگەى کەلار بۆ ناحیەى ڕزگارى و گوندەکانى سەر بەو ناحیەیە بە کەلارەوە دەبەستێتەوە کە پێشتر ڕێگایەکى یەک ساید بوو.


PM:07:53:28/04/2018