ئێران هەڕەشەی زیاتر پیتاندنی یۆرانیۆم دەکات

سەرۆکی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی ئێران ڕایگەیاند، ئەگەر ئەمریکا لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران بکشێتەوە ئەوا تاران دەتوانێت بەڕێژەیەکی زیاتر یۆرانیۆم بپیتینێت.

کەناڵی فەرمی ئێران بڵاویکردەوە، عەلی عەکبەر ساڵحی هۆشیاریدا بە دۆناڵد ترەمپ و وتی " ئێران ئامادەیە زۆر زیاتر لە پێش گەیشتن بە ڕێککەوتنە ناوەکییەکە یۆرانیۆم بپیتێنێت، هیوادارم ترەمپ هۆشی بێتەوە سەر خۆی و لە ڕێکەوتنەکە نەکشێتەوە".

بەهۆی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی نێوان ئەمریکا و بەڕیتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و ڕوسیا لەگەڵ ئێراندا، تاران لە ٢٠%ی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی کەمکردەوە و دەستبەرداری زۆربەی کۆگاکانی بوو.

شەوی ڕابردوو بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە بارەگای وەزارەتی بەرگری وڵاتەکەی، لە بەردەم چاوی کامێراکان، چەند بەڵگەیەکی خستەڕوو، کە بەوتەی خۆی دەیسەلمێنن ئێران فێڵی لە جیهان کردووە و بەردەوامە لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بۆ بواری سەربازیی.



AM:08:37:01/05/2018