سلێمانی؛ فیدراسیۆنی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی سەرپێجی میدیاکان بلاودەکاتەوە

فیدراسیۆنی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی لە شاری سلێمانی رایگەیاند، لەماوەی دوو هەفتەی بانگەشەی هەڵبژاردن، كەناڵە ئاسمانییەكان 486 پێشێلكاری و لایەنە سیاسییەكانیش 230 پێشێلكارییان ئەنجامداوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە فیدراسیۆنی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی لە شاری سلێمانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییان سەبارەت بە پێشێلكاری بانگەشە سازكرد، بەپێی راپۆرتی فیدراسیۆنی رێكخراوەكان كە وێنەی دەست "سپی" كەوتووە، پێشێلكارییەكانی كەناڵە ئاسمانی و لایەنە سیاسییەكان لەماوەی دوو هەفتە خراوەتەڕوو.

بەپێی ئەو راپۆرتە كەناڵە ئاسمانییەكان 486 پێشێلكارییان كردووە كە خۆی لە هاندان بۆ توندوتیژی دەبینێتەوە بەم شێوەیە (ئێن ئارتی 264، كەی ئێن ئێن 61، رووداو 55، (كوردستان 24) 32، گەلی كوردستان 25، پەیام 24، خەندان 10، سپێدە 8، كوردستان تیڤی 7، كوردستان سفر).

وەكو لە راپۆرتەكەدا ئاماژەی بۆ كراوە لایەنە سیاسییەكانیش 230 پێشێلكارییان بەم شێوەیە كردووە (یەكێتی 75، پارتی 67، هاوپەیمانی 37، گۆڕان 33، حزبی سۆسیالیست 5، یەكگرتووی ئیسلامی 4، حزبی شیوعی 3، نەوەی نوێ 3، كۆمەڵی ئیسلامی 2، لیستی هاوپەیمانی نیشتمانی 1).

بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق رۆژی 14ی نیسان دەستی پێكردووە و رۆژی 10ی ئایار كۆتایی دێت.



PM:09:43:02/05/2018