سەنتەری میترۆ داوایەک ئاڕاستەی حکومەتی هەرێم دەکات

لەڕۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەنوسدا سەنتەری میترۆ داوایەک ئاڕاستەی حکومەتی هەرێم دەکات و ڕاشیدەگەیەنێت "لە سەرەتای ساڵی 2018 تا كۆتایی نیسانی ئەمساڵ 139 پێشێلكاری بەرامبەر بە 74 رۆژنامەنوس و ئەنجامدراوە".

لە بەیاننامەیەکدا کە وێنەیەکی بۆ "سپی میدیا" نێردراوە سەنتەری میترۆ داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، كار بكات بۆ رەخساندنی ژینگەیەكی لەبار بۆ ئازادی كاری رۆژنامەنوسی تا میدیا رۆڵی خۆی لە پرۆسەی گۆڕانی كۆمەڵایەتی ببینێت.

هەروەها میترۆ داوا لە میدیاكان دەكات بە رۆڵی راستەقینەیان وەك لایەنێكی چاودێریكردنی بێ لایەن بگێڕن بەم كارەشیان پرەنسیپەكانی سەروەری یاسا و شەفافیەت دەچەسپێنن.

دەقی بەیاننامەکە:

لە رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەنووسیدا

3ی ئایاری 2018

سەنتەری میترۆ لە رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەنوسی داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، كار بكات بۆ رەخساندنی ژینگەیەكی لەبار بۆ ئازادی كاری رۆژنامەنوسی تا میدیا رۆڵی خۆی لە پرۆسەی گۆڕانی كۆمەڵایەتی ببینێت.

ئەمساڵ  2018 نەتەوە یەكگرتووەكان بە دروشمی (هاوسەنگی هێزەكان: میدیا و عەدالەت و سەروەری یاسا)، مەراسیمەكانی بەڕێوەدەبات، داوا لە حكومەتەكان دەكات ژینگەیەكی یاسایی بۆ كاری میدیا بڕەخسێنن تا سەركەووتوانە كارەكانیان ئەنجام بدەن، ئەمەش بە بێ سەربەخۆیی دادگاكان نایەنەدی.

میترۆ داوا لە دادگاكانی هەرێمی كوردستان دەكات كەیسەكانی ئازادی رادەربڕین و ئازادی رۆژنامەنوسی لە بەررژەوەندی عەدالەت و مافی ئازادی قسەكردن و نوسین یەكلابكاتەوە.

بەم بۆنەیەوە میترۆ سەرلەنوێ داوا لە دامەزراوەی دادوەری هەرێمی كوردستان دەكات، تێهەڵچونەوە بۆ كەیسی رۆژنامەنوسانی تیرۆركراو، سۆرانی مامە حەمە، مامۆستا عبدالستار، سەردەشت عوسمان، كاوە گەرمیانی، ویدات حسێن بكات، دادوەری زامنبكرێت و تاواناباران دەربازیان نەبێت لە سزا.

ئەمساڵ لە كاتێكدا یادی رۆژی جیهانی ئازادی میدیا دەكەینەوە، هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە قۆناغی بانگەشدایە.
میترۆ داوا لە میدیاكان دەكات بە رۆڵی راستەقینەیان وەك لایەنێكی چاودێریكردنی بێ لایەن بگێڕن بەم كارەشیان پرەنسیپەكانی سەروەری یاسا و شەفافیەت دەچەسپێنن .

لەم رۆژەدا میترۆ سەرنجی هەردوو دەزگای یاسادانان لە عێراق و هەرێمی كوردستان بەلای ئەو بۆشاییە یاساییە رادەكێشێت كە لە بواری بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و مەترسییەكانی تەشەنەكردنی گوتاری رقوكینە و بەكارهێنانی ئەو تۆڕانە بۆ  تۆقاندنو شكاندنی كەرامەتی مرۆیی پاڵوێراوەكان لە رێگەی پەنابردن بۆ وێنەی تەزویر و ڤیدیۆی ساختە.

میترۆ پێی وایە بڵاوكردنەوەی گرتەی ڤیدیۆی ساختە و فۆتۆی دەسكاریكراوی كاندیدەكان بە تایبەتیش ژنان نزمترین ئاستی كێبڕكێ دیموكراتی و حزبایەتییە. داوادەكەین لیستەكانی ناو هەڵبژاردنی عێراق بگەڕێنەوە بۆ كێبڕكێیی دیموكراسی دور لە تەشهیرو لەكەداركردنی یەكتری و دەسبردن بۆ دروستكردنی چیرۆكی ساختە یا ژیانی تایبەتی كاندیدەكان.

بۆ ئەوەی میدیا رۆڵی كاریگەری لە پرۆسەی گۆڕانی كۆمەڵایەتی و گەشپێدانی وڵات هەبێت و چاودێری كارەكانی حكومەت بكات، پێویستە ژینگەیەكی لەبارو ئارام بۆ كاری رۆژنامەنوسان بڕەخسێت و ئازادنە زانیاری راستیان بدرێتی. ئازادی میدیا و زانیاری راست و بێ لایەن زامنی ئەوە دەكەن كە هاوڵاتیان ئازادانە بژاردەی خۆیان هەبێت.

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان، لە رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەنوسی رایدەگەیەنێت لە سەرەتای ساڵی 2018 تا كۆتایی نیسانی ئەمساڵ 139 پێشێلكاری بەرامبەر بە 74 رۆژنامەنوس و ئەنجامدراوە، بەم شێوەیە:

دەسبەسەركردن بە بێ بڕیاری دادگا: 16 حاڵەت
رێگری لە روماڵكردن : 64 حاڵەت
لێدان و ئەشكەنجەدان: 14 حاڵەت
هەڕەشە: 6 حاڵەت
داخستنی كەناڵ: 1 حاڵەت
سوكایەتی: 14 حاڵەت
زەوتكردن و شكاندنی كەلوپەلی میدیاكاران: 24

سەبارەت بە METRO
سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان، ڕێكخراوێكی سەربەخۆی قازانج نەویستە لە ناوەراستی ئابی ساڵی 2009 لە شاری سلێمانی لە لایەن، كۆمەڵێك ڕۆژنامەنوس‌و پارێزەر، دامەزراوە، مۆڵەتی رەسمی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتوە.
تا كۆتایی ساڵی 2010 لەلایەن پەیمانگای رۆژنامەوانی جەنگ‌و ئاشتی (IWPR) پاڵپشتی كراوە. لە تەموزی ساڵی 2010 لە كۆنفرانسێكدا لە شاری هەولێر ئەندامانی بۆردی ڕێكخراوەكە هەڵبژێردران. لەسەرەتای 2015 و 2017  هەڵبژاردن بۆ دەستەی بەڕێوەبردن كراوە.

میترۆ 7 راپۆرتی ساڵانەی سەبارەت بە رەوشی ئازادی میدیا لە هەرێمی كوردستان بڵاوكردۆتەوە

كۆتایی
پەیوەندی بە سەنتەری میترۆ
بۆ زمانی كوردی: 07700004147
بۆ زمانی عەرەبی : 07701528887



AM:10:34:03/05/2018