ئیسرائیل کاتی کوشتنی بەشار ئەسەد دیاری دەکات

وەزیرێکی حکومەتەکەی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەگەر بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریا رێبدات بە ئێران بدات خاکی سوریا لەهێرشکردنە سەر ئیسرائیل بەکاربهێنێت ئەوا رژێمەکەی ئەسەد لەناودەبەن و خۆشی دەکوژن.

ئەمڕۆ 7ی ئایاری 2018 یۆڤال شتاینتز، وەزیری وزەی ئیسرائیل  بە پێگەی رۆژنامەی "يديعوت أحرونوت"ی راگەیاندوە کە ئیسرائیل تا ئەم ساتە دەستوەردانی لەشەڕی ناوخۆی سوریادا نەکردوە.

وتیشی "ئەگەر ئەسەد بەردەوامبێت لە رێگەدان بەئێران بۆ ئەوەی لەناو خاکی سوریادا چالاکی بکات ئەوا خۆی و رژێمەکەشی لەناودەبەین".

رۆژنامەی هارتسی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە کە بەرپرسانی ئیسرائیل چاوەڕێی وەڵامی ئێرانن بەرامبەر ئەو هێرشەی فڕۆکەکانی ئیسرائیل کردیانە سەر فڕۆکەخانەی (تی 4)ی سەربازی لە سوریا و چەند سەربازێکی ئێران کوژران.

 

وەزیرەکەی ئیسرائیل وتیشی "ئەگەر ئەسەد رێگەبدات خاکی وڵاتەکەی ببێتە سەربازگەیەک لەدژی ئێمە ئەوا ئەو کاتە دەبێتە وادەی کۆتایی خۆی و رژێمەکەشی، چونکە قابیلی قبوڵکردن نییە ئەسەد لە کۆشکەکەیدا دابنیشێت و خاکەکەشێ بۆ ئێمە بکاتە سەربازگە".



PM:07:33:07/05/2018