ڕابوون مەعروف سەرۆکی لیستی جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە پارێزگای هەولێر پەیامێکی لە بارەی پەلاماردانی لە شاری هەولێر بڵاوکردەوە و دەڵێت، لەسەر تێکۆشان و خەباتی مەدەنی بەردەوام دەبێت.
لەو پەیامەدا کە لە پەڕەی تایبەتی لە فەیسبوک ئاڕاستەی ڕایگشتی کردووە، دەڵێت "ئەمڕۆ ئێوارە گروپێك چەتە و چەقۆکێش کە زیاتر لە ١٠ سەیارە دەبون بە چەکی جۆراوجۆرەوە لە بەردەم گوندی ئینگلیزی لە ھەولێر و بە بەرچاوی سێکیوریتی گوندی ئینگلیزی پێشیان پێگرتین و ھێرشیان کردە سەرمان".
دەشڵێت "من بە ڕوون و راشکاوی، تا ناسنامەی ھێرشبەران ئاشکرا دەکرێت، پارتی بە بەرپرسی ئەو روداوە دەزانم، ھەروەھا ھەموان دڵنیا دەکەمەوە کە ئەو کردەوە ترسنۆکانەیە ئێمە ناترسێنێت و بە دڵنیاییەوە لەسەر تێکۆشان و خەباتە مەدەنیەکەمان بەردەوام دەبین".
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێستا لە ھەولێری پایتەخت لە ناو شار و ھاوشاریانیدایە و ھەمووان لەوە دڵنیا دەکاتەوە ھەولێر جێناھێڵێت.
لە کۆتاییشدا دەڵێت " زۆر سوپاس بۆ ھەموو ئەو ھاووڵاتی و ھاوشاری و لایەنانەی ھاوکاریان کردین و جوامێرانە تا گەیاندنی ئێمە بە شوێنی ئارام، جێیان نەھێشتین".