هۆکاری کوژرانی کاندیدەکە ئاشکرادەکرێت

ئەنجوومەنی باڵای دادوەری هۆكاری كوژرانی محەمەد زەرزوور كاندیدی لیستی "وەتەنیە"ی لە شاری مووسڵ ئاشكرا كرد.

عەبدولستار بەیرەقدار، وتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دووپاتی كردەوە زەرزوور بەهۆكاری كۆمەڵایەتی كوژراوە و بابەتەكە تیرۆركردنی سیاسی نەبووە.

بەیرەقدار رایگەیاند كە ئەنجامە سەرەتاییەكانی لێكۆڵینەوە لە تاوانی كوژرانی زەرزوور، ئاماژە بەوە دەدەن ناوبراو بەهۆكارێكی كۆمەڵایەتی لەلایەن كوڕی خۆیەوە كوژراوە.

ئەمڕۆ دووشەممە كاندیدێكی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی "وەتەنیە" لەنێو ماڵەكەی خۆیدا لە باشووری مووسڵ كوژرا.

بەگوێرەی راگەیاندنی پۆلیسی مووسڵ، چەكدارانی نەناسراو هێرشیان كردبووە سەر ماڵی كاندیدێكی لیستی وەتەنیە بەناوی فاروق محەمەد زەرزوور و بە چەقۆ كوشتبوویان.

ئەمە یەكەم حالەتی كوشتنی كاندیدە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتوو عێراق، كە بریارە رۆژی 12ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت.



PM:11:39:07/05/2018