یەکەم کاردانەوەی ئێران دوای هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمیەکە لەلایەن ترەمپەوە

سەرۆك کۆماری ئێران لە یەكەم كاردانەوەی وڵاتەكەی سەبارەت بە كشانەوەی ئەمریكا لە رێككەوتننامە ئەتۆمییەكە رایگەیاند، ویلایەتە یەكگرتووەكان سەلماندی كە رێز لە رێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكان ناكرێت.

حەسەن رۆحانی لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا جەختیكردەوە لەوەی ئێران پابەند بووە بەو بەڵێنانەی كە لە چوارچێوەی رێككەوتننامە ئەتۆمییەكەدا داوێتی، بەڵام ئەمریكا پابەند نەبووە بە بەڵێنەكانی.

وتیشی، ئەمریكا سەلماندی رێز لە رێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكان ناكرێت، چونكە ئەو رێككەوتنە لەنێوان ئێران و ئەمریكادا نەبووە تا ئەمریكا بڵێت لێی دەكشێمەوە، ئەوە رێككەوتننامەیەكی نێودەوڵەتی بووە و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیش پەسەندی كردووە.

سەرۆكی ئێران راشیگەیاند كە لەمەودوا رێككەوتنەكە یەكێك لە ئەندامەكانی لەدەستداوەو لە رێككەوتنی ئێران و وڵاتانی 5+1 بووە بە رێككەوتنی ئێران و پێنج وڵاتەكە.

ئەوەشیخستەڕوو كە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەی راسپاردووە بۆ وتووێژكردن لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپاو روسیا و چین كە دوو ئەندامی هەمیشەیین لە ئەنجومەنی ئاسایشیدا، سەبارەت بە رێككەوتننامە ئەتۆمییەكە.

رۆحانی ئاماژەشیدا بەوەی ئێران بەمەرجێك پابەند دەبێت بە رێككەوتننامە ئەتۆمییەكەوە كە بەرژەوەندییەكانی وڵاتەكەی بپپارێزێت.

لەلایەكی دیكەشەوە فێدریكا مۆگرینی رێكخەری سیاسەتەكانی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا نیگەرانی ئەوروپای بەرامبەر بە بڕیارەكەی سەرۆكی ئەمریكا راگەیاند و جەختیشیكردەوە لەوەی یەكێتی ئەوروپا پابەند دەبێت بە رێككەوتننامە ئەتۆمییەكەوە.



PM:10:16:08/05/2018