سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ باس لە دروستبونی گۆڕانکاری گەورە دەکات لەم هەڵبژاردنەدا لەسەر گۆڕەپانی سیاسی هەرێم، پێسی وایە هاوڵاتیان دەتوانن لە ڕێی دەنگدانەوە وڵات بگۆڕن.
سەر لەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ١٢ی ئایار شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەگەڵ خانەوادەکەی لە بنکەی دەنگدانی قوتابخانەی پێشکەوتن لە شاری سلێمانی دەنگیدا و لەدوای دەنگدانەکەش، رایگەیاند،" ئەم هەڵبژاردنە گۆڕانکاری گەورە لەسەر گۆڕەپانی سیاسی هەرێم دروست دەکات".
وتیشی، "هاووڵاتیان دەتوانن لە ڕێی دەنگدانەوە وڵات بگۆڕن، بۆیە پێویستە ئەو کاریگەرییەی دەنگی خۆیان بزانن و بەگەرموگوڕییەوە بەشداری بکەن".
سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەبارەی سیستەمی نوێی دەنگدانەوە وتی، "ئەم سیستەمە نوێیە، سێ ڕێگای سەرەکی ساختەکاری بنبڕکردووە و هیوای ئەوە دەخوازن، ساختەکاری ڕوونەدات".
کاتژمێر ٧ى بەیانى ئەمڕۆ شەممە ١٢ی ئایار، دەرگای بنکەکانی دەنگدان بەڕووی هاوڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا کرانەوە و هاوڵاتیان چونە سەر سندوقەکانی دەنگدان.
لەم هەڵبژاردنەدا، نزیکەی ٢٤ ملیۆن کەس لەسەرتاسەری عێراق مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیەش ٣ ملیۆن و ٣٣٣ هەزاریان دەنگدەری نوێن. لە هەرێمی کوردستانیش، سێ ملیۆن و ١٤٤ هەزار و ٧٣٠ کەس مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیەش نزیکەى ٤٠٠ هەزار کەسیان بۆ یەکەم جار دەتوانن دەنگبدەن.
لە کۆی سەرجەم قەوارەکان کە ٢٠٥ قەوارەن شەش هەزارو ٩٩٤ کاندیدیان هەیە لەنێو کاندیدەکانیشدا چوار هەزار و ٩٤٠ کاندیدیان پیاو و دوو هەزار و ٥٤ کاندیدیان ژنن و ڕکابەری بۆ بەدەستهێنانی ٣٢٩ کورسی پەرلەمان دەکەن.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوش دەنگدانی تایبەت لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، کە ژمارەی دەنگدەرانی تایبەت لەسەرتاسەری عێراق ٩٣٤ هەزار و ٦٣٩ کەس بوو و، نزیکەی ٩٠٠ هەزار عێراقیش لە دەرەوەی وڵات مافی دەنگدانیان هەبوو کەلە ٢١ وڵات دەنگیان داوە.
لە دوای كۆتایی هاتنی پرۆسەكەش لەكاتژمێر ٦ی ئێوارە، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق ئاشكرایكرد، رێژەی بەشداریكردن لەو پرۆسەیە ٧٨.٧٤% بووە.