گۆڕان: بێدەنگ نابین لە دزین و ئاڵ و گۆڕکردنی دەنگەکانمان

بزوتنەوەی گۆران گومان دەکات سیستەمی ئەلیکترۆنی دەنگدان هاککرابێت بۆ ئەوەش داوا لە کۆمسیۆن دەکات، کە هەژمارکردنی دەنگەکان بەدەست ئەنجامبدرێت.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی ژوری هەڵبژاردنەکانی بزوتنەوەی گۆڕان، کە لە میدیای فەرمی بزوتنەوەکە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە، گومانی زۆر هەیە کە سیستەمی ئەلیکترۆنی دەنگدان هاککرابێت، بەڵکەش بۆ ئەوە لە بنکەی بەختیاری لە سلێمانی، دوای جیاکردنەوە و هەژمارکردنی دەنگەکان بەدەست، ئەنجامەکان لە بەرژەوەندی بزووتنەوەی گۆڕان پێچەوانە بووەتەوە.

راشیگەیاندووە، کە بریکارەکانی گۆڕان لەسەر سندووقەکانی دەنگدان، وژۆ لەسەر ئەنجامی دەنگەکان ناکەن بەهۆی ئەوەی دەنگی گۆران لەگەڵ لایەنێکی سیاسی، کە مەبەستی (یەکێتی)ە پێچەوانە کراوەتەوە،

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ژووری هەڵبژاردنی گۆڕان، هەژمارکردنی ئەنجامی دەنگەکان بە ئامێری ئەلیکترۆنی رەتدەکاتەوە.

کاتژمێر ٧ى بەیانى ئەمڕۆ شەممە ١٢ی ئایار، دەرگای بنکەکانی دەنگدان بەڕووی هاوڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا کرانەوە و هاوڵاتیان چونە سەر سندوقەکانی دەنگدان، لە کاتژمێر ٦:٠٠ی ئێوارەی ئەمڕۆش ئامێرەکانی دەنگدان لەکارکەوتن.

لەم هەڵبژاردنەدا، نزیکەی ٢٤ ملیۆن کەس لەسەرتاسەری عێراق مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیەش ٣ ملیۆن و ٣٣٣ هەزاریان دەنگدەری نوێن. لە هەرێمی کوردستانیش، سێ ملیۆن و ١٤٤ هەزار و ٧٣٠ کەس مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیەش نزیکەى ٤٠٠ هەزار کەسیان  بۆ یەکەم جار دەتوانن دەنگبدەن.

لە کۆی سەرجەم قەوارەکان کە ٢٠٥ قەوارەن  شەش هەزارو ٩٩٤ کاندیدیان هەیە لەنێو کاندیدەکانیشدا چوار هەزار و ٩٤٠ کاندیدیان پیاو و دوو هەزار و ٥٤ کاندیدیان ژنن و ڕکابەری بۆ بەدەستهێنانی ٣٢٩ کورسی پەرلەمان دەکەن.

رۆژی پێنجشەممەی رابردوش دەنگدانی تایبەت لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، کە ژمارەی دەنگدەرانی تایبەت لەسەرتاسەری عێراق  ٩٣٤ هەزار و ٦٣٩ کەس بوو و، نزیکەی ٩٠٠ هەزار عێراقیش لە دەرەوەی وڵات مافی دەنگدانیان هەبوو کەلە ٢١ وڵات دەنگیان داوە.

لە دوای كۆتایی هاتنی پرۆسەكەش لەكاتژمێر ٦ی ئێوارە، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق ئاشكرایكرد، رێژەی بەشداریكردن لەو پرۆسەیە ٧٨.٧٤% بووە.


PM:08:08:12/05/2018