پارتی: ئەنجامەکان قبوڵکراو نین

وتەبێژی پارتی لەسەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردن لەپارێزگای سلێمانی، راگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت "ئەو ئەنجامانەی راگەیەندراو قبووڵكراو نین".

مەحمود محەمەد لەو بارەوە رایگەیاندووە "بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەكان‌و بەراوردكردنی دەنگی دەنگدەركانمان، لە پارێزگای سلێمانی و شار و شارۆچكەكانی دیكەی ئەو پارێزگایە، گومانی زۆرمان لە لا دروست بووە، لەوەی كە بەشێوەیەكی ڕێكخراو دەستكاری دەنگی دەنگدەران كرابێت".

ناوبراو راشیگەیاندووە "بردنی سندووقەكانی دەنگدان گومانمان لەسەر دەستكاریی دەنگەكان بەسوودی لانێكی دیاریكراو زیاتر دەكات".

هەروەها رایگەیاندووە "لایەنەكانی دیكەی بەشدار لە پڕۆسەی هەڵبژاردن بەهەمان شێوە گومانیان لە پاكی و بێگەردیی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگای سلێمانی هەیە".

وتەبێژی پارتی دەڵێ "ئەو ئەنجامانەی راگەیەندراو قبووڵكراو نین و داوا دەكەین پڕۆسەی ژماردن بەدەست ئەژمار بكرێت و ئەگەر پڕۆسەی ژماردن بە دەست لە سەرتاسەری كوردستان ئەنجام بدرێ بە كارێكی باشی دەزانین، تا گومانی هەموو لایەك بڕەوێتەوەو ئەمن و ئاسایش و سەقامگیری پارێزراو بێت".

رۆژی شەممە 12ی ئایار ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەشێوەی نافەرمی‌و بەرایی راگەیەنرا، بەڵام ئەنجامی هەڵبژاردن بۆ زۆرێك لەلایەنەكان قبووڵكراو نەبوو، بەتایبەتی لەسنووری پارێزگای كەركوك‌و سلێمانی.



AM:08:48:13/05/2018