هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری، بزووتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵی ئیسلامی، یەكگرتووی ئیسلامی و حیزبی شیوعی، لە بارەگای هاوپەیمانی لە شاری سلێمانی كۆبوونەوەدان.
ئەمەش لەکاتێکدایە لە دوای بەڕێوەچونی پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق، ئەنجامی نافەرمیی هەڵبژاردنەکان بڵاوكراونەوەو جیاوازی زۆر لە دەنگی لایەنەكان بەدیدەکرا، کە بە وتەی هاوپەیمانی و گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو، "بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان دەنگەكانی هەژماركردووەو ئەنجامەكان پێچەوانە بوونەتەوە".
هەر لەسەر ئەو بابەتە شەوی رابردووش هەریەک لە(هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری، بزووتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامی)لە پاش کۆبونەوەیەکی چروپڕ راگەیەندراوێكیان بڵاوكردەوەو ئاماژەیان بەوەدا، "كۆی پڕۆسەی هەڵبژاردنەكان و ئەنجامەكانی رەتدەكەنەوەو پابەند نابن بە ئەنجامەكانەوە".
هاوکات داوای ئەوەیان کرد کە پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دوبارە بکرێتەوە لە هەرێمی كوردستان"بە كەركوك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمەوە".