هاوپه‌یمانى، گۆڕان، كۆمه‌ڵ، یه‌كگرتوو، بزوتنه‌وه‌ و شیوعى راگەیەندراوێک بڵاودەکەنەوە

هاوپه‌یمانى، گۆڕان، كۆمه‌ڵ، یه‌كگرتوو، بزوتنه‌وه‌ شیوعى، لە پاش کۆبونەوەکەی ئەمڕۆیان، راگەیەندراوێکی هاوبەشیان لەسەر هێرشه‌كانى شه‌وى رابردوو بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی دەست "سپی"کەوتووە، هەریەک لە هاوپه‌یمانى، گۆڕان، كۆمه‌ڵ، یه‌كگرتوو، بزوتنه‌وه‌ شیوعى رایدەگەیەنن، "
وێڕای ئیدانەکردن، بەهیچ شێوەیەک بۆ هاوڵاتیانی ئاشتیخوازی هەرێمی کوردستان مایەی قبوڵکردن نییە و هەموو رێکارێکی یاسایی و سیاسیی و جەماوەری مەدەنی و دیموکراسی هاوبەش دەگرینەبەر".

ده‌قى راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌...

هاوڵاتیانی بەشەرەفی کوردستان

دوێنێ شەو، ١٢ی ئایاری ٢٠١٨، هێزێکی چەکداری سەر بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەڵدەکەوتنە سەر مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان، هەوڵی تیرۆر و تۆقاندنی ئەندامانی کۆبوونەوەکەیان داوە و راستەوخۆ ئاراستەی تەقەکردنەکە رووی لە ژووری کۆبوونەوەکە بووە، کە بۆ تاوتوێکردنی هەڵوێستی هاوبەشی لایەنەکان بووە لە بەرامبەر ساختەکارییەکان و دەستکاریی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن. 

لە ئەنجامی ئەو رەفتارە دژە دیموکرسیی و نایاساییە، وێڕای بریندابوونی چەند هاوڵاتییەک و زەرەر و زیانێکی زۆری ماددی بارەگاکە و تەقەکردن لە ئوتومبێلی کەناڵی ئاسمانی سپێدە و لە دەرهاویشتەی ئەو تەقەکردنەدا شۆفێری کەناڵی خەندان گیانی لەدەست دا، بەو بۆنەیەوە پرسە و سەرەخۆشی لە کەسوکاری دەکەین و رایدەگەیەنین ئۆباڵەکەی دەخەینە ئەستۆی یەکێتی نیشتمانی کوردستان.

جەخت دەکەینەوە کە بەکارهێنانی هێزی چەکدار لە ململانێ سیاسییەکاندا دەبێتە مایەی تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی و ئاسایشی هاوڵاتیان دەخاتە مەترسییەوە. هەروەها ئەم کارە رەفتارێکی نا دیموکراسی و ناشارستانییە و ناوبانگی میللەتەکەمان لەکەدار دەکات. بۆیە وێڕای ئیدانەکردن، بەهیچ شێوەیەک بۆ هاوڵاتیانی ئاشتیخوازی هەرێمی کوردستان مایەی قبوڵکردن نییە و هەموو رێکارێکی یاسایی و سیاسیی و جەماوەری مەدەنی و دیموکراسی هاوبەش دەگرینەبەر.

سەرکەوتووبێت ئیرادەی حەقخوازانی گەلەکەمان

بزوتنەوەی گۆڕان    یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان    کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان

هاوپەیمانی دیموکراسی و  دادپەروەری  حزبی شیوعی کوردستان   بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان

١٣-٥-٢٠١٨
 


PM:04:40:13/05/2018