شیخ جەعفەر روونکردنەوە لەسەر تەقەکان لە بارەگای گۆڕان دەدات

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و بەرپرسی یەكەی 70ی هێزەكانی پێشمەرگەی یەکێتی دەڵێت " لەو پەیوەندیەدا لەگەڵ قادری حاجی عەلی گرژیەك دروستبوو ".

جەعفەر شێخ مستەفا بەرپرسی یەکانی ٧٠ ی یەکێتی بە میدیای حیزبەکەی راگەیاندووە" ئەوان لەئۆتۆمبێلێكدا بوون لەگەڵ دوو پێشمەرگەدا و لەڕێگەی گەڕانەوەیان بۆ ماڵەوە كە بەنزیك گردی زەرگەتەدا ویستویەتی بگەڕێتەوە، لەرێگە ویستویەتی لەگەڵ كاك عومەری سەید عەلی گفتوگۆ بكات سەبارەت بەو دۆخە و وتی "لەبەرئەوەی ئەو پیاوێكی نەرمترەو زۆریش هاوڕێمانە، بەڵام تەلەفۆنەكەی كاك عومەر بەقادری حاجی عەلی درا". 

ناوبراو لە درێژەی لێدوانەکەیدا دەڵێت" "لەو پەیوەندیەدا لەگەڵ قادری حاجی عەلی گرژیەك دروستبوو، بۆیە كۆتاییمان بەپەیوەندیەكە هێناو وەكو وتم لەنزیك گردی زەرگەتەوە هەوڵمدا بگەڕێمەوە ماڵەوە، لەنزیك گردەكە ئۆتۆمبێلێك وەستابوو ژمارەیەك پێشمەرگەی تێدابوو بەچەكەوە، منیش پێموابوو ئەوان هێزەكانی ئاسایشن". 

لەبارەی قادر حاجی عەلی، جەعفەر شێخ مستەفا دەڵێ‌ "قادر حاجی عەلی یەكێكە لەو كەسانەی زۆربەی هەرە زۆری كێشەو ئاژاوەكان كەلەسنوری سلێمانی و دەوروبەری ڕودەدەن ئەو لەپشتی هەموو ئەوانەوەیە، هەروەها لەپشتی ئەو پەلامارانەشەوە بوو كە كرایە سەر سندوقەكانی دەنگدان و بڕیاری ڕفاندنیشیان درابوو".

دەربارەی رووداوەکان و سەرەتاکەی جەعفەر شێخ مستەفا،  دەڵێ‌ "هەر لەسەرەتاوەو بەتایبەت لەدوای كاتژمێر شەشی ئێوارە، ئێمە زانیاریمان پێگەیشت گۆڕان هەوڵیدا لەسنوری پارێزگای سلێمانی بەئیدارەی گەرمیانیشەوە پەلاماری ناوەندەكانی دەنگدان بدەن و سندوقەكان بڕفێنن". 

وتیشی "لەگەرمیان توانیان دوو سندوقی دەنگدان بڕفێنن، ئەوەبوو دواتر گێڕدرانەوە". 

جەختیش دەكاتەوە "ئێمە لەیەكێتی و بەهەمومان هەوڵمانداو پەیوەندیمان پێوەكردن كە كۆتایی بەو ڕەوشە بهێنن و پێمانڕاگەیاندن ئەگەر تانەیەكیشیان هەیە دەتوانن لەڕێگەی كۆمسیۆنەوە ڕێگەی یاسایی بگرنەبەر، بەڵام بەداخەوە هیچ سودێكی نەبوو هەوڵەكانمان، تادەهات دۆخەكە زیاتر ئاڵۆزو توند دەبوو هاوكات هەڕەشەكانیش زیاتر پەرەیانسەند لەسەر ناوەندەكانی دەنگدان". 

زیاتر لەو بارەیەوە دەڵێ‌ "ئەو پێشمەرگانە ڕێگەیان لێگرتم و وتیان نابێت لەو ڕێگەیەوە بڕۆیت، زۆر هەوڵم لەگەڵدان تاوەكو هیچ ڕونەدات، لەوكاتەدا كە من بۆخۆم دابەزیم تاوەكو دۆخەكە ئاسایی تێپەڕێت، بەڵام تەقەمان لێكراو چوار فیشەك بەر ئۆتۆمبێلەكەم كەوت و دوو لەپێشمەرگەكانی ئێمەش برینداربون". 

سەبارەت بەو هێزەی یەكێتیش كە گەیشتونەتە شوێنەكە شێخ جەعفەر جەختیكردەوە"ژمارەیەك لەپێشمەرگەكانمان گەیشتنە شوێنی ڕوداوەكە و ئەوە ڕویدا كە گوایە یەكێتی هێرشیكردۆتە سەر گردەكە، لەبنەڕەتیشدا ئەوە درۆیەكی شاخدارە، لەبەرئەوەی گۆڕان پەلاماری ئێمەیدا لەسەرەتادا". 



PM:10:37:13/05/2018