مەکگۆرک لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە

بڕێت مەکگۆرک نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا لە شەڕی دژ بە داعش لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و تاوتوێی دۆخی دوای هەڵبژاردنیان کرد.

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، دوێنی برێت مەکگۆرک بە سەردانێکی کتوپڕ گەیشتووەتە بەغدا و لەگەڵ سەلیم جبوری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبووەتەوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا چەندین پرسی گرنگ تاوتوێ کراوە، لەوانەش پێویستییەکانی قۆناغی داھاتوو بە تایبەتی دوای بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران، لەگەڵ گرنگی ھاوکاری و ھەماھەنگی نێوان پارت و قەوارە سیاسییەکان لە پێناو پێکھێنانی حکومەتێک کە توانای ھەبێت بەرپرسیاریەتی بەرامبەر بە گەل لە ئەستۆ بگرێت و خزمەتگوزاری بۆ ھاووڵاتییان دابین بکەن.

مەکگۆرک جەختی لەوەش کردووەتەوە، "ئەمریکا سوورە لەسەر ئەوەی بەردەوام بێت لە ھاوکاریکردنی عێراق لە شەری دژ بە تیرۆر و بە ھاوبەشی کار بکەن لە پێناو ھێورکردنەوە و سەقامگیری رەوشەکە و بەدیھێنانی بەرژەوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان واشنتۆن و بەغدا".

سەردانەکەی برێت مەکگۆرک بۆ بەغدا دوای رۆژێک لە ئەنجامدانی پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دێت کە ڕۆژی شەممە بەڕێوەچوو و ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنەکەش ناڕەزایەتی زۆربەی لایەنەکانی عێراق و بەتایبەتیش هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە.


ئه‌م بابه‌ته ‌942 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:09:12:14/05/2018