کۆمسیۆن: رفاندنی سندوقەکانی هەولێر ئەسڵی نییە

بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، رایگەیاند" هەواڵی رفاندنی سندووقەكانی دەنگدان، هیچ بنەمایەكی نییە".

عەلی قادر، بەرپرسی هەولێری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا لە هەولێر وتی " بڵاوكردنەوەی هەواڵی رفاندنی سندووقەكانی دەنگدان، هیچ بنەمایەكی نییە و پەیوەندی بەوەوە هەبووە كە بۆ ماوەی چەند خولەكێكی كەم رێگری لە چوونی بریكاری لایەنێك بۆ كۆگاكە كراوە".

بەرپرسی هەولێری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە درێژەی لێدوانەکەیدا وتیشی " لەكۆی نزیكەی سێ هەزار وێستگە، تەنیا سەد وێستەگە لەڕێگەی (ئار تی ئێس)ەوە نەنێردراون بۆ بنكەی سەرەكی لە بەغدا".
 
بەرپرسی هەولێری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق، جەخت دەكاتەوە، لەسەر بڵاوكردنەوەی ئەو هەواڵە ناڕاستە دەتوانن داوای یاسایی تۆمار بكەن و بڵاو كردنەوەی هەواڵەكە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەك بووە.

عەلی قادر جەختی كردەوە كە ئەوان پەیوەندیی راستەوخۆیان لەگەڵ بەغدا هەیە، هەر سندووقێك ئەنجامەكەی نەگاتە سەنتەری سەرەكی، بۆ چارەسەركردنی گرفتەكە دەبرێتە هۆڵی شادی.

لەبارەی ئەو سندووقانەی كە ڕێکەوتی هەڵەیان لەسەرە، بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، رای گەیاند كە هەر سندووقێك ئەو كێشەیەی هەبووبێت، نەنێردراوەتە بنكەی سەرەكی.

جەختی لەوەش كردەوە كە لە هەولێر پاكترین هەڵبژاردن بەڕێوە چووە و هیچ لایەنێكیش سكاڵای نەبووە و لە هەولێر هیچ سكاڵایەك لەسەر ناخاوێنی هەڵبژاردن نەكراوە، سەرجەم سكاڵاكان پەیوەندییان بە رێكاری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكەوە هەیە، و ئێستا نێردراون بۆ نووسینگەی نیشتمانی لە بەغدا".



PM:04:42:14/05/2018