ئاماری كوژراوانی فەلەستینی بەرزبووەوە

ئاماری كوژراوە فەڵەستینییەكان لە كەرتی غەزە بۆ زیاتر لە ٥٥ كەس بەرزبووەتەوە و بە هەزارانی تریش بریندار بوون.

ماڵپەڕی "بی بی سی" بڵاویكردووەتەوە، لەگەڵ كردنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە قودس، خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی دەیان هەزار فەڵەستینی لە كەرتی غەزە دەستیپێكردووە و بەوتەی بەرپرسانی فەڵەستین بەهۆی شەڕ و پێكدادانی نێوان خۆپیشاندەرانی فەڵەستینی و هێزە ئەمنییەكانی ئیسرائیلەوە تا ئێستا لانیكەم "٥٥ فەڵەستینی كوژراون و ٢٧٠٠ ی تریش بریندار بوون".

بی بی سی ئەوەشی خستووەتەڕوو، دوای سەرهەڵدانی خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەكانی فەڵەستینییەكان لە سنوری كەرتی غەزە كە نزیكەی مانگ و نیوێك لەمەوبەر دەستیپێكردووە، تا ئێستا نزیكەی ١٠٠ فەڵەستینی بەدەستی هێزە ئەمنییەكانی ئیسرائیل كوژراون.

ئەوەش لەكاتێكدایە دوێنێ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە فەرمی باڵیۆزخانەی خۆی لە شاری قودس لە ئیسرائیل كردەوە و شاندێكی باڵای ئەمریكا لە نێویاندا ئیڤانكا ترەمپ كچی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا و جێرید كوشنەری هاوسەری بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی كردنەوەی باڵیۆزخانەكەدا كرد.

باڵیۆزخانەكەی ئەمریكا لە قودس بە شێوەیەكی كاتی لە بینای كونسوڵخانەی ئەو وڵاتەدا كرایەوە و لە قۆناغی داهاتووشدا جیادەكرێتەوە.



AM:09:36:15/05/2018