بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق قاسمی سولەیمانی گەیشتە بەغدا

فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران بەیانی ئەمڕۆ گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق، بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لیستە شیعەكان و پێكهێنانی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی و پێكهێنانەوەی حكوومەتی نوێی عێراق لەلایەن شیعەكانی عێراقەوە.

ماڵپەڕی "غەدپرێس" لە زاری سەرچاوەكانییەوە بڵاوی كردووەتەوە، ئەمڕۆ سێشەمە قاسم سولەیمانی لەگەڵ سەركردەی قەوارە جیاجیاكانی شیعە كۆدەبێتەوە، بۆ ئەوەی ڕازییان بكات تا بەیەكەوە هاوپەیمانییەكی گەورە لەناو پەرلەمانی عێراق دروست بكەن و حكومەتێكی نوێ دابمەزرێنن.

سەردانەكەی قاسم سولەیمانی بۆ بەغدا دوای ئەوە دێ، كە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق ڕێژەی 90%ی ئەنجامە بەرایییەكانی هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی ڕاگەیاند.

سەرچاوەكە دووپاتی كردەوە، كە سەردانەكەی قاسم سولەیمانی نهێنییە و ئاشكرا و فەرمی نییە و ئامانجیەتی جارێكی تر لیستەكانی نزیك لە ئێران ببنە خاوەنی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی، لە كاتێكدا موقتەدا سەدر و لیستەكەی یەكەم لیستن و زۆرترین كورسی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیان بەدەست هێناوە، سعوودیەیش بە تەواوی پشتیوانی سەدر دەكات، لەوەی گەورەترین فراكسیۆن دروست بكات و حكوومەت بە هاوكاری كورد و سوننە پێك بهێنێت.

ئێوارەی دوێنێ دووشەم گوتەبێژی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا كە نووری مالیكی سەرۆكایەتی دەكات و یەكێكە لەو لیستانەی لە ئێرانەوە نزیكە، دووپاتی كردەوە كە لە چەند سەعاتی داهاتوو دەست بە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە براوەكان دەكەن، بۆ دروستكردنی هاوپەیمانیەتی و گەورەترین فراكسیۆن لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.




AM:10:46:15/05/2018