بەوێنە...كاندیدی سەرۆك وەزیران دیاریكرا

هاوپەیمانی‌ سائیرون كە ڕەوتی‌ سەدر سەرۆكایەتی دەكات براوەی‌ یەكەمی‌ هەڵبژاردنی عێراقە و بەبڕیاری‌ موقتەدا سەدریش كاندیدی‌ پۆستی‌ سەرۆك وەزیرانی‌ عیراقی دەستنیشانكرد كە پارێزگاری‌ یەكێك لەپارێزگاكانی‌ عیراقە.

كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هەڵبژاردنەكان ئەنجامی‌ بەرایی سەرجەم پارێزگاكانی‌ عیراقی‌ جگە لەدهۆك و كەركوك، ئاشكراكرد و دەركەوت هاوپەیمانی‌ سائیرون بەسەرۆكایەتی‌ موقتەدا سەدر زۆرینەی‌ دەنگەكانی‌ عیراقی‌ بۆ خۆی‌ مسۆگەركردو بەو پێیەش بوە براوەی‌ هەڵبژاردن.

زیا ئەسەدی‌، بەڕێوەبەری‌ نوسینگەی‌ موقتەدا سەدر لەلێدوانێكی‌ ڕۆژنامەوانیدا ئاشكرایكرد، "مافی‌ خۆمانە پۆستی‌ سەرۆك وەزیرانی‌ داهاتوی عیراق وەربگرین، بۆئەوەش لەئێستاوە ئێمە عەلی‌ دەوایی، كە پارێزگاری‌ ئێستای‌ میسانە و یەكێكە لەسەركردەكانی‌ ڕەوتەكەمان، كاندیدكردوە بۆ پۆستی‌ سەرۆك وەزیرانی‌ عیراق".

وتیشی‌ "نزیكەی‌ 54 كورسی ئەنجومەنی‌ نوێنەرانی‌ عیراقمان بەگوێرەی‌ ئەنجامە بەراییەكان مسۆگەر كردوەو براوەی‌ یەكەمین لەسەر ئاستی‌ عیراق".

عەلی‌ دەوایی لەساڵی‌ 1965 لەشاری‌ عەممارە لەدایكبوەو پارێزگاری‌ ئێستای‌  میسانە، پێشتریش ئەندامی لیژنەی‌ نەزاهە بوە لەئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ میسان، كەسایەتیەكی چەپە و یەكێكیشە لەسەركردەكانی‌ ڕەوتی‌ سەدر بەسەرۆكایەتی‌ موقتەدا سەدر.



PM:12:05:15/05/2018