فراکسیۆنەکانی گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو و بزووتنەوە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان رەتدەکەنەوە

فراکسیۆنەکانی گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو و بزووتنەوە ئەنجامی هەڵبژاردنەکەیان رەتکردەوەو ، داواشیان لە نەتەوەیەکگرتووەکان کرد نەهێڵن دەنگی هاوڵاتیان بە فیڕۆ بچێت.

ئەمڕۆ سێشەممە سەرۆکی هەریەک لە فراکسیۆنەکانی (گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو و بزووتنەوە)کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیان لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە هەولێر ئەنجامدا.

لە کۆنگرەکەدا، برزۆ مەجید سەرۆکی فراکسۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند،"ئەوەی كرا هەڵبژاردن نەبوو، گاڵتەكردن بوو بە خەڵك، خەڵكی خۆیان نەچووە بۆ دەنگدان چونكە ئامادەكارییان بۆ ساختەكاری كردبوو".

وتیشی، "دڵنیای ساختەچی و ساختەكاران دەكەینەوە ئەمڕۆ بێت یاخود سبەی میللەتەكەمان دەست و قاچیان دەبڕێت، ئەمانە دەبنە خزمەتكاری بێگانە، بەڵام زوڵم لە میللەتەكەی خۆیان دەكەن".

هەر لە کۆنگرەکەدا مەڕوان گەڵاڵی، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی،ئاماژەی بەوەدا، "خەڵكی هەرێم دڵسۆزانە دەنگی ناڕازییان بۆ ئەم دەسەڵاتە بەرزكردەوە، نابێ ئەم ساختەكاری و بەفیڕۆدانی دەنگە لە هەڵوێستەكانیان ساردییان بكاتەوە".

ئاماژەی بەوەشكرد، "ئەم دەسەڵاتە ئەوەی دەوێت خەڵك سارببنەوە، كە خەڵكی حەقویست و چاكەخواز ماندوو بكەن و باوەڕییان بە هەڵبژاردن نەمێنێت، پێویستە بە هەڵوێستێكی پۆڵاین سوربین لەسەر هەڵوێستەكانمان، وەك فراكسۆنەكان پاڵپشتی دەنگی هاوڵاتیانین قبوڵ ناكەین دەنگەكان بفەوتێن و لە بەهایان كەمبكرێتەوە".

هاوکات ئاری عەبدول لەتیف سەرۆکی فراکسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی، رایگەیاند، "ئێمە تیرۆركردنی هەڵبژاردن و ساختەكاری لە دەنگی خەڵك بە هەموو شێوەیەك رەتدەكەینەوەو ئەم گاڵتەجاڕییە بە بەرنامە و پلان و پڕۆژەی هاوبەش ئەنجامدراوە".

ئەوەشی خستەڕوو، "وەك فراكسیۆنی بزووتنەوە لەگەڵ ئەوەداین ئەو لایەنانەی لە ساختەكارییەكان هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق زەرەرمەند بوون لە پڕۆسەی سیاسی بكشێنەوە".

هەروەها فراکسیۆنی یەکگرتوو پێی وابوو، کودەتای ئەلیکترۆنی بەسەر خەڵکدا کراوە، داواشی لە نەتەوەیەکگرتووەکان کرد نەهێڵن دەنگی هاوڵاتیان بە فیڕۆ بچێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە دوێنێ دووشەممە شەش لایەنی هەرێمی کوردستان(گۆڕان و هاوپەیمانی و شیوعی و کۆمەڵ و یەکگرتوو و بزووتنەوەی ئیسلامی) لە پاش کۆبونەوەیەکان، ئەنجامی هەڵبژاردنەکانیان رەتکردەوەو رایانگەیاند، کە پرۆسه‌ی ده‌نگدانی ئه‌لیكترۆنیه‌كه‌ رووبه‌رووی ده‌ستێوه‌ردان و ساخته‌كاریه‌كی به‌رنامه‌ بۆ دارێژراوی پێش وه‌خته‌ بۆته‌وه‌.


PM:01:27:15/05/2018