نێچیرڤان بارزانی: بۆ تەواوکردنی قافیەی شیعرەکەیان لەتەک سلێمانی، هەولێر و دهۆکیشیان تێخستووە

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی رایگەیاند" ئەو شەش لایەنەی نیگەرانی خۆیان دەربڕیەوە لەپرسی هەڵبژاردن لە سلێمانی و کەرکووک، بۆ تەواوکردنی قافیەی شیعرەکەیان هەولێر و دهۆکیشیان تێخستووە، بەڵام هەر نیگەرانییەک هەیە دەبێت بڕەوێتەوە، نیگەرانی ئەو شەش لایەنە بە جدی وەردەگرین و وەک سەرۆکوەزیران داوا لە کۆمیسیۆن دەکەم زۆر بە جدی کاری لەسەر بکات".

سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا رایگەیاند " دەمەوێت لەوەوە دەست پێبکەم ئەو 6 لایەنەی کە نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە لە مەسەلەی پرۆسەی هەڵبژاردن  لە سلێمانی و بە تایبەتیش لە کەرکووک و بۆ ئەوەی قافیەی شعرەکەشیان بە رێک و پێکی بڕوات هەولێر و دهۆکیشیان تێخستووە. ئێمە لە نیگەرانی ئەو لایەنانە تێدەگەین، من وەکو سەرۆکی حکومەتیش لە راستیدا ئەو هەوڵانەم پێگەیشتووە، ئێمەش نیگەرانین لەو بابەتە، ئەوەی من داوا دەکەم ئەوەیە کۆمیسیۆن دەبێت ئەو مەسەلەیە زۆر بە جدی وەربگرێت و داواکاری ئەو لایەنانە بە جدی وەربگرێت، چونکە ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە چییە؟ ئەوەی بە نسبەت ئێمە وەکو هەرێمی کوردستان گرنگە ئەوەیە کە بە یەکڕیزی بگەڕێینەوە بۆ بەغدا، ئێستا ئەوانە وەکو لایەنی جدی لە هەرێمی کوردستان نیگەرانن لە پرۆسەکە، ئێمە دەبێت هەموو هەوڵێک بدەین ئەوەی پێمان بکرێت، کە دەبێت ئەو نیگەرانییە نەمێنێت، چۆن؟ دەبێت کۆمیسیۆن ئەو کارە بکات، هەر هەنگاوێکیش کۆمیسیۆن دەینێت لە پێناو ئەوەی کە نیگەرانیان بڕەوێتەوە، من خۆم وەکو سەرۆکی حکومەت داوا دەکەم کۆمیسیۆن بە جدی بێتە سەر خەت، بە هەر شێوەیەک بێت ئەو نیگەرانییە نەمێنێت لە کوردستاندا، ئەوە بە نیسبەت ئێمە باشە، چونکە ئێمە دەبێت کۆتایی بەو دۆخە بهێنین، بەردەوام باس لەوە بکرێت ئەو هەڵبژاردنە پاک نییە، ئەو هەڵبژاردنانە کێشەی هەیە، دەبێت ئەمە تەواو ببێت.
ئێمە لاریمان نییە ئەگەر ئەو مەسەلەیە هەموو کوردستانیش بگرێتەوە، بەڵام دەبێت هەندێک هەنگاوی جدی بە تایبەتی لە کەرکووک و سلێمانی و شوێنەکانی دیکەش چ لە هەولێر و دهۆک و هەر شوێنێک ئەمە هەیە، دەبێت ئەمە یەکلا بکرێتەوە، ئێمە بە ئیتمینانەوە پێکەوە بچینەوە بۆ بەغدا، ئەو نیگەرانییانەش کە نیگەرانی جدین هی ئەم هێزانە، من وەکو سەرۆکی حکومەت پێموایە دەبێت بە جدی و وەریبگرین، داوا لە کۆمیسیۆنیش دەکەم زۆر بە جدی کاری لەسەر بکات."

سەرۆکی حکومەت لە درێژەی کۆنگرەکەی و وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسان وتی " برێت مەکگۆرک هاتووەتە ئێرە، بەڵێ لەگەڵ مەکگۆرک یەکدیمان بینیوە، بێگومان لە چوارچێوەی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا قسەمان کردووە، ئەوانیش ئەوەی دەیانەوێت پێکهێنانی حکومەتێکە کە لە خزمەتی هەموو هاووڵاتیانی عێراقدا بێت، لەو چوارچێوەیە سەیری دەکەن، من هەستم نەکرد ڤیتۆیان لەسەر کەس هەبێت، هەستم نەکرد کە تەفزیلی هیچ لایەک بەسەر لایەکی دیکە بکەن، ئەمە بە پرۆسەیەکی عێراقی دەزانن دەیانەوێت عێراقییەکان خۆیان بڕیار بدەن، دەیانەوێت حکومەتێک بێت کە گرنگی بدات بە خزمەتگوزاری و بەژیانی رۆژانە و ئابووری و کار بۆ هەموو خەڵکی عێراق، بڕیاریشوایە بەردەوام بێت، ئەمڕۆ دیسانەوە سەردانی هەولێر دەکات لە ئاییندەشدا بەردەوام دێت، ئەمڕۆ جەنابی سەرۆک بارزانیش دەبینێت لە پیرمام، ئەم دیدارانەش بەردەوام دەبن لەگەڵ هەموو لایەنەکان".



PM:03:45:16/05/2018