سەعید کاکەیی داوای جیاکردنەوەی دەنگەکان لە رێگای دەستەوە دەکات..کۆمسیۆن رەتیکردەوە

سەعید کاکەیی، ئەندامی ئەنجومەنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان داوای هەژمارکردنی ژمارەیەکی سنورداری سندوقەکانی دەنگدان دەکات بۆ ئەوەی گومان لەسەر دەرەنجامەکان بڕەوێنێتەوە. هاوکات دوای ئەو کۆمسیۆن ئەو داوایەی رەتکردەوە.

لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە شاری بەغدا رێکیخستبوو، سەعید کاکەیی ئەندامی ئەنجومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند " بەپێی یاسای کۆمسیۆن و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەنجومەنی کۆمیسیاران لەسەریەتی نەک رەچەتەی ئەنجامی دەنگەکان ببەخشێت بە بریکاری لایەنە سیاسییەکان، بەڵکو دەبێت وێنەی پەڕاوی دەنگەکان بەشێوەی ئەلیکترۆنی ببەخشێتە بریکارەکانی لایەنە سیاسییەکان و ئەنجامەکان دوای ئەوە رابگەیەندرێت، بەڵام تائێستا ئەوە نەکراوە و هیچ بریکارێک وێنەی پەڕاوی دەنگەکانی بەشێوەی ئەلیکترۆنی وەرنەگرتوە.

وتیشی :"ئەنجومەنی کۆمیسیاران بۆ ئەوەی ئەم گومانە بڕەوێتەوە پێویستە بەپێی یاسای ژمارە (11)ی کۆمیسیۆن و بۆ ئەوەی لایەنەکان گومان نەمێنێت لەسەر ئەنجامە بەراییەکان، پێویستە رێژەیەکی دیاری کراوەی سندوقەکانی دەنگدانەکان بکرێتەوە بۆ ئەوەی دڵنیایی ببەخشینە هاوڵاتیان کە دەستکاریی دەنگ و ئەنجامەکان نەکراوە، ئەگەر ئەو دەستکارییە هەبو ئەوکاتە پێویستە رێکاری تر بگیرێتەبەر".

سەعید کاکەیی، ئاماژەی بەوەکرد؛ رۆژی دوای بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەکان شەش لایەنی سیاسی لە هەرێمی کوردستان سکاڵایان بەرزکردوەتەوە بۆ کۆمیسیۆن لەسەر ئەوەی گومانیان لە ئەنجامەکانی هەیە و داوای دوبارەکردنەوەی هەڵبژاردنەکانیان کردوە، بەڵام تائێستا وەڵام نەدراونەتەوە، هەروەک نوێنەرانی کیانەکان لەبەغداش سکاڵایان پێکەش کردوە ئەوەش رەتکراوەتەوە، ئەوەش ئەوەش دژی مادەی هەشتی یاسای ژمارە (11)ی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانە.
کاکەیی داوای کرد؛ بۆ رەواندنەوەی گومانەکان و وەک وەڵامدانەوەی سکاڵای ئەو لایەنە سیاسییانە، پێویستە هەژمارێکی سنورداری دەستی بۆ دەنگەکان بکرێتەوە.

جەختی کردوە، پێویستە ژمارەیەک لە سندوقەکانی دەنگدان و بەڕێژەی (25%)ی ئەو ناوچانەی گومانیان لەسەرە، ئەژماری دەستی بۆ دەنگەکان بکرێتەوە، چونکە سکاڵای فەرمی هەیە لەسەر ئەنجامە بەراییەکان.

لەدوای ئەو کۆنگرە رۆژنامەگەریە ریاز بەدران، سەرۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق و ئەندامانی کۆمسیارانی باڵا وەڵامی کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەی سەعید کاکەییان دایەوەو، بەدران وتی""سەعید کاکەیی کەوتووەتە ژێر کاریگەریی لایەنێکی سیاسی دیاریکراو".

لەبارەی ناڕەزایی شەش لایەنی هەرێمی کوردستان کە دەڵێن، ساختەکاری کراوە، سەرۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند "سەربەخۆیی خۆمان پاراستووە. هیچ بەهانەیەک بۆ بەدەست هەژمارکردنەوەی دەنگەکان نییە و یاسایی نییە".



PM:05:46:16/05/2018