هەولێر؛ لە روداوێکی هاتوچۆدا کەسێک گیانی لەدەستدا

پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، بەهۆی رووداوێكی هاتوچۆوە لە شەقامی 100مەتری كەسێك گیانی لەدەستدا، لێکۆڵینەوەش لە روداوەکە بەردەوامە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی پۆلیسی هەولێر کە وێنەیەکی بۆ "سپی" نێردراوە، تیایدا هاتووە، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە پۆلیس ئاگاداركرایەوە بەبوونی ڕووداوێكی هاتوچۆ لە شەقامی 100م، دوای گەیشتنی هێزەكانی پۆلیس بۆ شوێنی ڕووداو، دەركەوت کەوا كەسێك دوای ئەوەی كۆنتڕۆڵی ئۆتۆمبێلەكەی لەدەست داوە خۆی بە هاوڵاتییەكدا کێشاوە.

هەروەها نەقیب سەمیر بەهرام، ئەفسەری بنكەی پۆلیسی سەروەران لەسەر روداوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، "ئۆتۆمبێلەكە خۆی لە هاوڵاتییەك داوە بەناوی (شەهاب سوارە)، لەئاكامدا لە شوێنی ڕوداووەکە گیانی لەدەستداوە، دواتر تەرمەكە هەڵگیراوە و ڕەوانەی پەیمانگای پزیشكی داد كراوە".

پۆلیسی هەولێر ئەوەشی خستوەتەڕوو ، "پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ رووداوەكە كراوەتەوە و، لەئێستادا تۆمەتبار بەناوی (ح. ی. م.) دەستگیركراوەو لەژێر لێكۆڵینەوە دایە".


PM:06:55:16/05/2018