وەزارەتی تەندروستی هەرێم فۆڕمێکی نوێی نەشتەرگەری رایدەگەیەنێت و سەرجەم پزیشکانیش پابەند دەکات پێوەی، هاوکات بە پێویستی دەزانێت زانیاری تەواو بدرێت بەنەخۆش لەسەر نەشتەرگەریەكەی و ماكەكانی.
لە راگەیەندراوەکەدا كەوێنەیەكی بۆ "سپی" نێردراوە وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەداوە، دوای ماوەیەكی درێژ لەكاركردنی بەردەوام بۆ پێداچونەوە و ڕێكخستنەوەی فۆڕمی ڕەزامەندی سڕكردن و نەشتەرگەری لە هەرێمی كوردستان لەلایەن لیژنەیەكی پسپۆر و شارەزا لەم بوارە بەسوود وەرگرتن لە ئەزموونی ووڵاتانی تر، فۆڕمێكی ستاندەرد و تازە و كتێبێك كە گشت ماكەكانی نەشتەرگەریە جۆراو جۆرەكانی لەخۆ گرتووە ئامادە كراوە بۆ كارپێكردن پێش ئەنجامدانی هەر نەشتەرگەریەك.
دەشڵێت، كە پێویستە لەلایەن پزیشك و كارمەندانی پەیوەندار زانیاری تەواو بدرێت بە نەخۆش دەربارەی نەشتەرگەرییەكە و ماكەكان و دەرئەنجام و ئەگەرەكانی نەشتەرگەری و سڕكردن، بۆ ئاشنابوونی نەخۆش بە ئەنجام و ئەگەرەكان و ماكە چاوەڕوانكراوەكان و واژووكردن و ڕازی بوونی پێش ئەنجامدانی نەشتەرگەریەكە.
لەبەشێکی دیکەی راگەیەندراوەكەدا هاتووە، كە پێویستە سەرجەم پزیشكان و نەخۆشخانە گشتی و تایبەتیەكان پابەندی كاركردنن بن بەو فۆڕمە تازەیە و دادگاكانیش لە فۆڕمە تازەكە ئاگاداردەكرێنەوە بۆ پشت بەستن و كاركردن بەفۆڕمە تازەكە.
وەزارەتی تەندروستی لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا ئەوەش دەخاتەڕوو، لە فۆڕمەكەدا هاتووە كە نەخۆش جگە لەحاڵەتەكانی كتوپڕ لەنەخۆشخانەكانی فریاكەوتن، پێویستە زانیاری تەواو بدرێت بەنەخۆش لەسەر نەشتەرگەریەكەی و ماكەكانی و واژووی ڕەزامەندی وەردەگیرێت پێش نەشتەرگەریەکە.