کۆمسیۆن دەست بەسەر نوسینگەی سەعید کاکەیی دا دەگرێت

کەمێک پێش ئێستا کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دەستی بەسەر نوسینگەی، ئەندامێکی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقدا گرت و نوسینەگەکەی داخست. 

کاوە محەمد، پەرلەمانتاری گۆران لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە (سپی میدیا)ی راگەیاند، "کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە رێگای ئەمینداری کۆمسیۆنەوە کە ناوی (ئەیاد)ە ، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە نوسینگەی د سەعید کاکەییان داخستووەو، سەرجەم پاسەوان و فەرمانبەرەکانی نوسینگەکەشیان رەوانەی ماڵەوە کردوەتەوە".  

ئاماژەی بەوەشدا،" ئەو رێوشوینانەی کە دژی کاکەی گیراوەتە بەر پەیوەندی بەو کۆنگرە ڕۆژنامەگەرییەوە هەیە، کە ناوبراو پاش نیوەرۆی ئەمرۆ ئەنجامیداو، تیایدا داوایکرد %٢٥ی دەنگەکانی پارێزگاکانی هەرێم بەدەست جیابکرێنەوە".

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان وتیشی،" ئەو رێوشوێاننەی کە لەبەرانمبەر سەعیەد کاکایی گیراوەتە بەر یاسایی نییە، چونکە لە دەسەلاتی کۆمسیۆنی بالادا نیە رێ و شوێن بگریتە بەر لەبەرامبەر ئەندامانی کۆمسیاران، بەڵکو هەر ئەندامێکی کۆمسیاران لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە متمانەی پێدەدەرێت و هەر لەبەردەم ئەویشدا لێرسراوە".


پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە  لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە لە شاری بەغدا رێکیخستبوو، سەعید کاکەیی ئەندامی ئەنجومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند " بەپێی یاسای کۆمسیۆن و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەنجومەنی کۆمیسیاران لەسەریەتی نەک رەچەتەی ئەنجامی دەنگەکان ببەخشێت بە بریکاری لایەنە سیاسییەکان، بەڵکو دەبێت وێنەی پەڕاوی دەنگەکان بەشێوەی ئەلیکترۆنی ببەخشێتە بریکارەکانی لایەنە سیاسییەکان و ئەنجامەکان دوای ئەوە رابگەیەندرێت، بەڵام تائێستا ئەوە نەکراوە و هیچ بریکارێک وێنەی پەڕاوی دەنگەکانی بەشێوەی ئەلیکترۆنی وەرنەگرتوە.

وتیشی :"ئەنجومەنی کۆمیسیاران بۆ ئەوەی ئەم گومانە بڕەوێتەوە پێویستە بەپێی یاسای ژمارە (11)ی کۆمیسیۆن و بۆ ئەوەی لایەنەکان گومان نەمێنێت لەسەر ئەنجامە بەراییەکان، پێویستە رێژەیەکی دیاری کراوەی سندوقەکانی دەنگدانەکان بکرێتەوە بۆ ئەوەی دڵنیایی ببەخشینە هاوڵاتیان کە دەستکاریی دەنگ و ئەنجامەکان نەکراوە، ئەگەر ئەو دەستکارییە هەبو ئەوکاتە پێویستە رێکاری تر بگیرێتەبەر".

سەعید کاکەیی، ئاماژەی بەوەکرد؛ رۆژی دوای بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەکان شەش لایەنی سیاسی لە هەرێمی کوردستان سکاڵایان بەرزکردوەتەوە بۆ کۆمیسیۆن لەسەر ئەوەی گومانیان لە ئەنجامەکانی هەیە و داوای دوبارەکردنەوەی هەڵبژاردنەکانیان کردوە، بەڵام تائێستا وەڵام نەدراونەتەوە، هەروەک نوێنەرانی کیانەکان لەبەغداش سکاڵایان پێکەش کردوە ئەوەش رەتکراوەتەوە، ئەوەش ئەوەش دژی مادەی هەشتی یاسای ژمارە (11)ی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانە.

کاکەیی داوای کرد؛ بۆ رەواندنەوەی گومانەکان و وەک وەڵامدانەوەی سکاڵای ئەو لایەنە سیاسییانە، پێویستە هەژمارێکی سنورداری دەستی بۆ دەنگەکان بکرێتەوە.

جەختی کردوە، پێویستە ژمارەیەک لە سندوقەکانی دەنگدان و بەڕێژەی (25%)ی ئەو ناوچانەی گومانیان لەسەرە، ئەژماری دەستی بۆ دەنگەکان بکرێتەوە، چونکە سکاڵای فەرمی هەیە لەسەر ئەنجامە بەراییەکان.





PM:10:36:16/05/2018