پارتی ژمارەی کورسیەکانی لە هەڵبژاردن ئاشکرادەکات

بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی پارتی ڕایگەیاند "پارتی 25 كورسی پەرلەمانی عێراقی مسۆگەر كردووە و نزیكەی 80 سكاڵایشی لەسەر هەڵبژاردن بە گشتی تۆماركردووە، زۆرینەی سكاڵاكانیش لە سلێمانین".

خەسرۆ گۆران، بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئاشكرایكرد، پارتی لە دەنگدانی دەرەوە هەشت هەزار و 486 دەنگی بەدەست هێناوە، هێشتا دەنگی هەولێر و دهۆك و نەینەوایش ماون، چونكە 240 سندووقی بەهۆی گرفتی تەكنیكییەوە لەگەڵ مانگی دەستكرد پێوەست نەبوون، بەوهۆیەوە براونەتە بەغدا و لەوێ دەژمێردرێنەوە.

ئاماژەی دا، دوای جیاكردنەوەی دەنگی ئەو سندووقانەیش پێشبینی دەكەین دەنگی پارتی زیاتر بێ، ئەمڕۆیش كۆمیسیۆن دەستی بە جیاكردنەوەی دەنگی ئەو سندووقانە كردووە و هی ئەو سێ شارە و شارەكانی تریش، پێشبینی دەكەین كۆمیسیۆن بتوانێ تا سبەی ئێوارە ئەنجامی 99%ی دەنگەكان بتوانی بڵاوبكاتەوە.

گۆران وتیشی "پارتی دیموكراتی كوردستان 25 كورسی پەرلەمانی مسۆگەر كردووە و لە مووسڵیش تا ئێستە شەش كورسی مسۆگەرە، لە دهۆكیش 10 كورسیمان بردووە و لە سلێمانیش كورسییەك بەدەست هاتووە، 80 سكاڵایشمان لەسەر هەڵبژاردن تۆماركردووە، زیاترینی لە سلێمانی بووە".



PM:12:43:17/05/2018