ڕێزان شێخ دلێر: دەیانەوێت ئاژاوە بخەنە ناو كاندیدەكانی یەکێتییەوە

کاندیدێکی یەکێتی بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رەتیدەکاتەوە، واژوی لەسەر هیچ نوسراوێک کردبێت، دەشلێت ئەو نوسراوە ساختەیە و دەیانەوێت ئاژاوە بخەنە ناو كاندیدەكان و هەڤاڵانی یەكێتییەوە.

لە رونکردنەوەیەکدا کە وێنەیەکی بۆ "سپی" نێردراوە، رێزان شێخ دلێر، کاندیدی یەکێتی بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە هاوکات پەرلەمانتاری ئەو حزبەیە لە پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوەدەکات،"بۆ رای گشتی رایدەگەیەنین، كە ئەو نووسراوەی لە سایتی سێبەری (سنور میدیا) و چەند پەیج و سایتێكی بێ‌ ناسنامە بڵاوكراوەتەوە، بەهیچ شێوەیەك پەیوەندی بە منەوە نیە و ئەو ئیمزایەش هی من نیە.

دەقی روونکردنەوەکە...

رونكردنەوەیەكی گرنگ و پێویست لە ڕێزانی شێخ دلێرەوە

بۆ رای گشتی رایدەگەیەنین، كە ئەو نووسراوەی لە سایتی سێبەری (سنور میدیا) و چەند پەیج و سایتێكی بێ‌ ناسنامە بڵاوكراوەتەوە، بەهیچ شێوەیەك پەیوەندی بە منەوە نیە و ئەو ئیمزایەش هی من نیە، ئێمە كاندیدی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بووین بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بە شانازییەوە حزبەكەمان دەنگێكی زۆر و چاوەڕوانكراوی بەدەستهێناوە، ئەمەش زۆر لایەنی سیاسی سەغڵەت كردووە، كە پێیان وابوو "یەكێتی نەماوە"، بۆیە لە رێگەی میدیا سێبەر و پەیجە بێ‌ ناسنامەكانیانەوە هێرش دەكەنەسەر ئێمە.

بە هەموو لایەك بەتایبەتی هەڤاڵانی خۆشەویستی یەكێتی رادەگەیەنم، هێشتا ئەنجامی كۆمسیۆن بۆ كاندیدەكان بە رەسمی دەرنەچووە و ئەو نووسراوەش ساختەیە و دەیانەوێت ئاژاوە بخەنە ناو كاندیدەكان و هەڤاڵانی یەكێتییەوە، پێیان دەڵێم خەیاڵیان خاوە و ئێمە خوێندكاری قوتابخانەكەی مامی گەورەین و ئەو شتانە كارمان تێنات، بە هەموو شێوەیەكیش پەیوەستین بە بڕیاری حزبەكەمانەوە.

ڕێزان شێخ دلێر، كاندیدی ژمارە 17ی لیستی 162ی یەكێتی نیشتمانی كوردستان
17ی ئایاری 2018


PM:10:33:17/05/2018