ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی: گەلەکۆمە لە یەکێتی دەکرێت

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی پێوایە گەلەكۆمەیەكی نوێ‌ لە دژی حزبەكەی دروست دەكرێت.

رزگار عەلی، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەمیدیاكانی سەربە حزبەكەی راگەیاندووە "تاوەكو ئێستا باس لەدیاریكردنی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك نەكراوە، لایەنەكانیش سەرەڕای ئەوەی سەرقاڵی دەرئەنجامی هەڵبژاردنن، هاوكات هەوڵەكانیان بۆ حكومەتی داهاتوو چڕكردۆتەوە، بۆیە دیاریكردنی پارێزگارێكی نوێ بەمزوانە قسەی لەبارەوە ناكرێت".

ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەوەشی خستۆتەڕوو، گەلەكۆمەكێ لەیەكێتی بەردەوامە وەك چۆن لەكاتی هەڵبژاردن ئەم گەلەكۆمەكێیە كرا، دەڵێت"ئێستاش هەم لەڕێگەی لایەنی عەرەب و كوردیشەوە بەردەوامی بەو گەلەكۆمەكێیە دەدرێت".

رزگار عەلی ئاماژەی بەوەش داوە، پرسی دیاریكردنی پارێزگاری كەركوك دەكەوێتە دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كە بڕیارە مانگی 12ی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.

بەپێی راگەیاندنە سەرەتاییەکان کە لەلایەن کۆمسیۆنەوە راگەیاندرا، یەکێتی لەهەردوو شاری سلێمانی و کەرکوک براوەی پلە یەکە، ئەمەش لەلایەن هیزەکانی ترەوە رەتدەکرێتەوە، ئەو هێزانە جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە ئەو ئەنجامە ساختەکارییەو راستەقینە نییە.



PM:09:53:18/05/2018