ئەمڕۆ ساڵێک بەسەر كۆچی دوای نەوشیروان مستەفا تێدەپەڕێت

ئەمڕۆ ساڵێك بەسەر كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا،رێکخەری پێشوی بزوتنەوەی گۆڕان تێدەپەڕێت، بۆ ئەو مەبەستەش لە گردی زەرگەتەی سلێمانی یادی دەكرێتەوە و، هاوکات کتێبێکی بڵاونەکراوەی دەکەوێتە  بەردیدەی خوێنەرانی.

بڕیارە 
 كاتژمێر ٠٨:٠٠ی ئێوارەی ئەمرۆ شەممە، لە مەراسیمێكی بەرفراواندا یادی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا رێکخەری پێشوی بزونتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتەی سلێمانی بكرێتەوە.

مەراسیمەكە، لەسەر ئارامگاكەی بەڕێوەدەچێت ‌و تێیدا كتێبێكی بڵاونەكراوەی نەوشیروان مستەفا نمایش دەكرێت و چەند چالاكیەكیش بەوبۆنەیەوە پێشكەش دەكرێن ‌و پێشانگایەكی كتێبیش دەكرێتەوە.

هەر لە مەراسیمەكەدا ئەندامانی خانەی راپەڕاندن ‌و جڤاتی نیشتمانی ‌و گشتی پێشوازی لە میوانەكان دەكەن ‌و هیچ بەیاننامە ‌و وتارێك ناخوێنرێتەوە.

رۆژی 19ی 5 ی 2017، نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، بەهۆی نەخۆشییەوە لە سلێمانی كۆچی دوایكرد ‌و لە گردی زەرگەتە لە ماڵەکەی خۆیدا بەخاكسپێردرا.


نەوشیروان مستەفا ساڵی 1944 لە گەڕەكی سەرشەقام-ی سلێمانی لەدایكبووە، قۆناغەكانی خوێندنی هەر لە سلێمانی تەواوكردووە، ساڵی 1967 كۆلێژی زانستە سیاسییەكانی لە زانكۆی بەغدا تەواوكردووە، سەرەتای سەرەتای حەفتاكان چووەتە نەمسا و ماستەری لەیاسای نێودەوڵەتی لە نەمسا خوێندووەو، ساڵانی 1963 و 1964 بووەتە ئەندامی سكرتاریەتی یەكێتی قوتابیان، وساڵی 1967 بووەتە ئەندامی لقی سلێمانی- پارتی دیموكراتی كوردستان باڵی مەكتەبی سیاسی.

نەوشیروان مستەفا یەكێك بووە لە دامەزرێنەرانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان،و ماوەیەك سكرتێری كۆمەڵەی رەنجدەران بووە، تا ساڵی 2006 جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بووە، بەڵام لە ساڵی 2006 وازی لە یەكێتی هێناو دواتر كۆمپانیای وشەی دامەزراند، پاسان لە ساڵی 2009 بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لیستی گۆڕانی دروستكرد و، لیستەکەی بووە یەكێك لە پارتە فەرمییەكانی هەرێمی كوردستان.


AM:11:46:19/05/2018