کاندیدێکی پارتی لە سلێمانی دەنگی زیاتری هێناوە، کەچی کۆمیسیۆن پێشتر کەسێکی دیکەی وەک سەرکەوتوو لە لیستەکەی پارتی راگەیاندبوو.
کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان پێشتر عومەر خدر خدر-ی وەک کاندیدی سەرکەوتووی حیزبەکە ناساندبوو، کەچی دوای بڵاوکردنەوەی دەنگەکان دانا محەممەد جەزا بە 5 هەزار و 169 دەنگ، دەنگی زیاتری هێناوە لە عومەر خدر خدر کە بەپێی لیستەکەی کۆمیسیۆن 4 هەزار و 378 دەنگی هێناوە.
کەسێکی نزیک لە دانا محەممەد جەزا لەو بارەوە بە ماڵپەڕی رووداو راگەیاندووە، هەر لە سەرەتاوە دانا گومانی هەبوو لە ژمارەی دەنگەکانی و دوای بڵاوبوونەوەی دەنگەکان دەرکەوت کە گومانەکەی راستە و کۆمیسیۆن بەهەڵە کاندیدی سەرکەوتووی ناساندووە.
ئەمڕۆ ئەو کاندیدە تانەی لە ئەنجامەکان داوە و کۆمیسیۆن پێی راگەیاندووە کە هەڵەیان کردووە و بە دڵنیاییەوە ئەو هەڵەیە چاک دەکرێت و کاندیدی سەرکەوتووی پارتی لە سلێمانی دانا محەممەد جەزا دەبێت.