سێ کاندیدی کورد لەسەر لیستە عەرەبییەکان دەرچوون

سێ کاندیدی کورد لەسەر لیستە عەرەبییەکان لەهەڵبژاردندا دەنگی دەرچوونیان هێناو بوون بە ئەندام پەرلەمانی عێراق.

هەریەک لە ئاڵا تاڵەبانی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و سەرۆکی پێشووی فراکسیۆنی یەکێتی لەسەر لیستی کەربوولی، ئاراس حەبیب لەسەر لیستی نەسر، ئازاد حەمید شەفی‌ بەرپرسی‌ ناوچەی‌ مەندەلی‌ پارتی لەسەر لیستی سائیرون.

کاندیدە کوردەکانی سەر بە لیستە عەرەبییەکان لەم هەڵبژاردنەدا ٤٢ کاندید بوون، لە نێویاندا تەنها ٣ یانیان توانیان دەنگی پێویست بهێنن و ببن بە ئەندام پەرلەمان.

سەبارەت بەچۆنیەتی‌ خۆ کاندیدکردنی‌ لەنێو لیستی‌ سائیرون، ئازاد حەمید شەفی‌ بەرپرسی‌ ناوچەی‌ مەندەلی‌ پارتی‌ بەدەنگی‌ ئەمەریکای دەڵێت، "پارتی‌‌و رەوتی‌ سەدر لاریان نەبووە لەخۆ کاندیدکردنی‌ من، بەتایبەت بەرنامەی‌ رێککەوتن لەنێوان سائیرون‌و پارتی‌ دا هەیە.”
 
ناحیەی‌ مەندەلی‌ پارێزگای‌ دیالە، یەکەم ناوچەی‌ کێشە لەسەربو کە لەسەر مەسەلەی‌ ریفراندۆم گرژی‌ تێیدا سەریهەڵدا، کاتێک ئەنجومەنی‌ ناحیەکە کە ئازاد شەفی‌ سەرۆکیەتی‌، بریاری‌ ئەنجامدانی‌ ریفراندۆمی‌ دەرکردو گروپە شیعیەکانیش هەڵیانکوتایە سەریان.
 
ئازاد حەمید شەفی‌ جەختیکردەوە گەر بشچێتە پەرلەمانی‌ عێراق، لەمەندەلی‌ دەمێنێتەوەو بەرێگەی‌ یاسایی‌‌و دەستوری‌ کار بۆ جێبەجێکردنی‌ مادەی‌ 140 دەکات.
 
سەبارەت بەدۆخی‌ ئێستای‌ کورد لەمەندەلی‌، ئازاد شەفی‌ وتی‌، "دۆخی‌ کورد لەمەندەلی‌ باش نیە، لەلایەک حەشدی‌ شەعبی‌ فشارمان دەخاتە سەرو لەلاکەی‌ تر داعش هێرشمان دەکاتە سەر.”
 
ناحیەی‌ مەندەلی‌ سەر بەپارێزگای‌ دیالە، یەکێکە لەناحیە دورە دەستەکانی‌ سەربەقەزای‌ خانەقین‌و پێشتر لەلایەن بەرپرسانی‌ کوردەوە ئیدارە دەدرا، بەڵام ئێستا حەشدی‌ شەعبی‌ باڵادەستە بەسەریدا.



AM:12:33:21/05/2018