١٥ سەربازی تورکیا کوژران

لە ئەنجامی چەند چالاکییەکی گەریلاکانی هەپەگە لە ئاگریی، جولەمێرگ و بەدلیس ١٥ سەربازی سوپا تورکیا کوژران.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە، لە ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی چالاکیی گەریلاکانەوە 
ڕایگەیاند " گەریلاکانمان ئەمڕۆ کاتژمێر ٧:٣٠ خولەکی سەرلەبەیانی لە شارۆچکەی بازیدی سەربە پارێزگای ئاگریی زنجیرە چالاکییەکی شۆڕشگێڕانەیان ئەنجامدا، لەو چالاکییانەدا ژمارەیەکی زۆر لە سەربازەکانی سوپای تورکیا کوژران، پاش ئەوەی ژمارەی ڕێکی کوژراوانمان بۆ ئاشکرابێت بۆ ڕای گشتیی ئاشکرای دەکەین".

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەی هەپەگەدا هاتووە " گەریلاکانمان ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی ئایار لە هەنگاوی شۆڕشگێڕانەی شەهید ئاگریی و شەهید پیرۆز چالاکییان لەدژی سوپای تورکیا ئەنجامدا، ١٨ی ئایار کاتژمێر ١٠:٠٠ی شەو لە ناوچەی نێوان جولەمێرگ و چەلێ، لەدژی کاروانێکی سەربازیی سوپای تورکیا چالاکییەک ئەنجامدرا، لەو چالاکییەدا ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی لەجۆری کوبرا تێکشکێندرا و ٩ سەربازی سوپای تورکیایش کوژران.

هەپەگە، هەروەها ڕایگەیاندووە " دوێنێ کاتژمێر ٦:٣٠ خولەکی سەرلەبەیانی لەسەرگردی کۆردینەی سەربە چەلێ چالاکییەکمان ئەنجامدا و تیایدا گورزی سەخت لە سوپای تورکیا درا، بەڵام ژمارەی کوژراو  و بریندارەکانیان نەزانرا".

ئەوەش، هاتووە: هەر دوێنێ کاتژمێر ٠٦:٣٠ خولەکی ئێوارە لەگردی لێکانی باشوری کوردستان چالاکییەک لەدژی سوپای تورکیا ئەنجامدرا، لەو چالاکییەدا سێ سەرباز کوژران و سیانی دیکە برینداربوون، کاتژمێر ٠٨:٣ خولەکی شەویش گەریلاکانمان لەسەر گردی لەیلەکی سەربە شەمزینانی جولەمێرگ چالاکییەکیان ئەنجامدا، لەو چالاکییەشدا دوو سەرباز کوژران و سەربازێک برینداربووە.

لەکۆتاییدا هەپەگە ڕایگەیاندووە" دوێنێ کاتژمێر ١١:٢٠ خولەکی نیوەڕۆ لەسەر ڕێگای تەتوان بۆ خیزانی بەدلیس چالاکییەک ئەنجامدرا، لەو چالاکییەدا سەربازێکی سوپای تورکیا کوژرا و سەربازێک برینداربوو".



AM:09:22:21/05/2018