" لە ماوەی ٧٢ کاتژمێردا حکومەتی نوێی عێراق پێکدەهێنرێت "

وتەبێژی ڕەوتی حیکمەی عەمار حەکیم ئاشکرایکرد "چوار فراکسیۆنە یەکەمەکەی عێراق، سائرون، فەتح، رەوتی حیکمە، نەسر، هاوپەیمانی پێکدەهێنن و لەماوەی ٧٢ کاتژمێری داهاتوودا حکومەتی نوێ پێکدەهێنرێت".

هاوکات ئاژانسی هەواڵی سکای نیوز لەسەر زاری هەندێک سەرچاوە بڵاویکردەوە موقتەدا سەدر لە کۆبونەوەی لەگەڵ عەبادی ئەوەی پێوتووە کە پۆستی سەرۆک وەزیرانی پێدەداتەوە ئەگەر بێت و دەست لە حزبی دەعوەی ئیسلامی بکێشێتەوەو تاوەکو ئێستاش دیارنییە کە وڵامی عەبادی چی بووە.

لە دوو ڕۆژی پێشوودا موقتەدا سەدر کە لیستەکەی بەناوی سائیرون زۆرترین دەنگەکانی هەڵبژاردنەکەی عێراقی بەدەستهێنا، لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق و هادی عامری سەرۆکی لیستی فەتح کۆبونەوە.

لیستی سائیرون بەسەرپەرشتی موقتەدا سەدر لە کۆی ٣٢٩ کورسی پەرلەمانی عێراق بە بەدەستهێنانی ٥٤ کورسی پەرلەمان بوو بە براوەی هەڵبژاردنەکانی عێراق و لە ئێستاشدا هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق بە چڕی دەستیپێکردووە.

موقتەدا سەدر کەسایەتی دیاری مەزهەبی شیعەی عێراقییە کە لیستەکەی زۆرینەی بەدەستهێناوەو بەوە ناسراوە کە نە لە ئێرانەوە نزیکە نە لە ئەمریکاوە.



AM:09:35:21/05/2018