دادگایکردنی خاتوونەکەی خۆپیشاندانەکەی هەولێر دواخرا

دادگای بەرایی هەولێر بڕیاریدا دواخستنی لەسەر دۆسیەی دكتۆرە شایان تا كۆتای مانگی شەش دا، كە لەلایەن دوو كەسی سەر بەپارتیەوە داوای 200 ملیۆن دینار قەرەبوی لێدەكرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە 21ی ئایار، د. شایان لەبەردەم سەرۆكایەتی دادگای هەولێر لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" ئەمڕۆ مۆڵەتی فەرمیم لە دەوامەكەم وەرگرت و لە دادگا ئامادەبوم، بەڵام دۆسیەكە بۆ ڕۆژی 25-6-2018 دواخرا".

هەروەها ووتیشی " ئەو دوو كەسەی سكاڵاكەیان تۆمار كردووە لەسەرم، خۆیان ئامادە نەبون و بە هەردوكیانەوە پارێزەرێكیان ئامادەبووە".

لە بارەی دانیشتی داهاتوەوە، دكتۆرە شایان ئەوەی خستەڕوو " بریكارنامە بۆ پارێزەرەكانم دەكەم و لە دانیشتنەكانی داهاتوو ئەو پارێزەرانە بەرگریم لێدەكەن".

لەخۆپیشاندانەكانی 25ی ئازاری مامۆستایان و  مووچەخۆران لە گرتەیەكی ڤیدیۆیدا دەدەكەوێت ئەو دکتۆرەیە داوا لە دوو كارمەندی ئاسایش دەکات بەشداری خۆپیشاندان بکەن و یەکێکیان هەڵدەكوتێتە سەر دكتۆرە شایان. ئەو دوو كارمەندە بە پاساوی ناو زڕاوە هەریەكەیان داوای 100 ملیۆن دینار قەرەبوو دەكەن بەبێ ئەوەی سزا بدرێن لەسەر ئەو كارەی بەرامبەر بە دكتۆرە شایان كردویانە.




PM:12:35:21/05/2018