قایمقامیەتی سلێمانی نرخی پێکهاتەکانی نان دیاریدەکات

قایمقامی سلێمانی نرخ و ڕێنمایی نوێ بۆ كارگەكانی دروستكردنی نان دادەنێت و بۆ جێبەجێكردنی ڕێنماییەكانیش لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی چاودێرییان دەكەن.

قایمقامیەتی سلێمانی لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، بەمەبەستی یەكخستنی نرخ و بەدواداچون بۆ جۆر و كوالیتی ئەو پێكهاتانەی نان كە لە كارگەكانی دروستكردنی نان لە سلێمانی بەرهەمدەهێنرێت، ئەمڕۆ کۆمەڵێک ڕێنمایی بۆ كارگەكان دەرکراوە.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، نرخ و ڕێنماییەكان گشتگیرە و لەمەودوا كار بەو ڕێنماییە نوێیانە دەكرێت، لیژنە هاوبەشەكانیش چاودێری هەموو كارگەكان دەکەن و ڕێگری لە هەموو جۆرە سەرپێچییەك دەکەن.

ئاماژە بەوەش کراوە، بۆئەوەی بەرهەمێكی تەندروست بە نرخێكی گونجاو بگات بە دەستی هاوڵاتیان هەموو هەنگاوێكی پێویست دەگرنەبەر و پێویستە خاوەنی كارگەكانی نان پابەندبن بە كۆی ئەو مەرج و ڕێنماییانەی لای خوارە:

نرخ و ڕێنمایی نوێ بۆ كاركردنی كارگەكانی نان لە سلێمانی:

"٢٨" نانی تیری بە هەشت هەزار و ٥٠٠ دینار بە كێشی گونكی "١٩٠" غرام

هەشت نان بە هەزار دینار بە كێشی گونكی ١٣٠ غرام

هەشت كولێرە بە هەزار دینارە بە كێشی گونكی ١٣٠ غرام

چوار كولێرە بە هەزار دینارە بە كێشی گونكی ٢٦٠ غرام

یەك ناوەشكێنە بە ٥٠٠ دینار بە كێشی گونكی ٢٥٠ غرام

یەك ناوساجی بە ٢٥٠  دینار بە كێشی ١٣٠ غرام

یەك كەلانە بە ٥٠٠ دینار بە كێشی گونكی ١٥٠ غرام

هاوکات هەر لە ڕێنماییەکاندا هاتووە، بەكارهێنانی كونجی و ڕەشكە و شمڵی یان هەر بابەتێكی لەو شێوەیە نابێتەهۆی زیادكردنی نرخ یان كەمكردنی كێشی گونك.



PM:08:24:21/05/2018