کۆمسیۆن لەبارەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمەوە بڕیاریدا

 كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان و راپرسی هەرێمی كوردستان ئاشکرایکرد، کە سەرجەم ئامادەکارییەکیان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی هەرێم کردووە، پێداچونەوەش بە ئامێری دەنگدەراندا دەکەن.

ئەمڕۆ سێشەممە شیروان زرار، وتەبێژی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند"لە سەرەتای ئەمساڵەوە كۆمسیۆن سەرقاڵی ئامادەكارییە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، کە بڕیارە رۆژی 30 ئەیلول ئەنجامبدرێت".

وتیشی، لەسەر داوای لایەنەكان كاری جدیمان كردوە بۆ پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران و بڕیاریشمانداوە پێداچوونەوە بکەین بە سیستمی ئامێری زیرەكی دەنگداندا، بۆ ئەوەس کار لەسەر ئەو گرفتانە کراوە کە لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق ڕوویداوە و نیگەرانی بەشێک لە لایەنەکانی لێکەوتۆتەوە.

وتەبێژی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەشدا، "ئامادەكارییەكانی كۆمسیۆن تەنها بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستانە، بەڵام ئەگەر ئاگادار بكرێنەوە كە هەر سێ هەڵبژاردنەكەی ( پارێزگاكان و سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمانی كوردستان) لە یەك رۆژدا ئەنجامبدرێت، ئەوا كۆمسیۆن ئامادەیی هەیە و پلانی بۆ دادەڕێژین".

رۆژی ٨ى ئەم مانگە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێم ڕۆژى ٣٠ی ئەیلولى ئەمساڵى دیاریکرد بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمان، هەفتەى ڕابردووش لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند ئەگەر لایەنەکان ڕێکبکەون ئامادەن هەموو هەڵبژاردنەکان پێکەوە ئەنجام بدرێن.






PM:04:03:22/05/2018