عەدنان عوسمان بۆ گۆڕان: چۆن رێگەتدا تەزویرت لێ بکەن

هەڵسوڕاوێکی دیاری بزوتنەوەی گۆران رەخنە لە حزبەکەی دەگرێت لە ئەگەری رازیبونی بە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان و دەڵێت، کارەسات تەنها لە تەزویر نیە، بەڵکو قەبوڵکردنێتی لە ژێر هەر بیانویەکدا بێت.

عەدنان عوسمان پەرلەمانتاری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان و هەڵسوراسی دیاری بزوتنەوەکە لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک نوسیویەتی،" پرسیاری سەرەکی ئەوە نیە چۆن تەزویرت لێ کراوە، چونکە تۆ مامەڵە لەگەڵ تەزویرچی و مافیا ئەکەی، گوایە بەتەمای لەسەر سینیەکی ئاڵتون دەسەڵاتت پێشکەش بکات، پرسیارەکە ئەوەیە بۆ تەزویرت لێ کرا؟".

دەشڵێت، پرسیارەکە تەنها ئەوە نیە کێ کردی،بەڵکو تۆ بۆ قەبوڵی ئەکەی، تاکەی قەبوڵی دەکەیت، مەبەست لەم بێدەنگی و سەرکز کردنە چیە، ئەگەر پرسەکە تەنها ساختەکاریە، ئەی خەبات دژی ساختەکاری و سەختەکاران چیە، دەتەوێت سلمی کۆمەڵایەتی تێک نەچێت، سلمی کێ؟ مافیاو گەندەڵکاران، قازانجی تۆ لەوەدا چیە".

عەدنان عوسمان ئاماژە بەوەشدەکات، دەی چاوەرێی چیت، هەندێ بۆدی گاردی مەلهاکان بڕیار لەسەر ژیان و چارەنوسمان بدەن، ئەوان ببنە نوێنەری دۆزی گەلەکەمان".

لە بەشێکی دیکەی نوسینەکەیدا باس لەوەشدەکات، 
کارەسات تەنها لە تەزویر نیە، بەڵکو قەبوڵکردنێتی لە ژێر هەر بیانویەکدا بێت..

هەروەها دەلێت، کارەسات تەنها لەوەدا نیە تەزویر کرابێت، بەڵکو لەوەدایە تەزویر کرابێت، ئاخر ئەسڵی کێشەکە لەوەدایە بۆ، چۆن رێگەتدا تەزویرت لێ بکەن، بۆیە بەرپرسانی گۆڕانیش بەرپرسن لەو تەزویرەی بەسەرماندا کرا".

لە کۆتایی نوسینەکەیدا ئەو پەرلەمانتارەی پێشوی گۆڕان رەخنە لە حزبەکەی دەگرێت و دەڵێت، 
ئەگەر تەزویر کراوە ( کە بەدڵنیایەوە کراوە) ئەوە کارەساتە، ئەگەریش نەکراوە ئەوە کارەساتێکی گەورەتر، لەهەردو حاڵەتیشدا خانەو جڤات و لیژنەی هەڵبژاردن بەرپرسیاری یەکەمن و ئەبێ پێمان بڵێن: بۆ ، چۆن، تاکەی؟؟



PM:05:47:22/05/2018