عەبادی دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن بەدوور دەزانێت

حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە دووری دەزانێت هەڵبژاردن دووبارەبکرێتەوە و جەختیشی لە لێکۆڵینەوە لە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان کردەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە عەبادی لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هەفتانەی خۆیدا ڕایگەیاند، داوا لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەکەن بە شەفافانە کارەکانیان بکەن و سەرجەم زانیارییە پێویستەکانی هەر بنکەیەکی دەنگدان ڕادەستی لایەنە سیاسییەکان بکەن.

عەبادی بە دووریشی زانی هەڵبژاردن دووبارەبکرێتەوە، بەڵام وتوویەتی پێویستە لێکۆڵینەوەی تەواو بکرێت لە ئەنجامی کۆتایی.

سەبارەت بە دۆخی ئەمنییش سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجی سەرەکییان پارێزگاریکردنە لە هاووڵاتیان و ڕێگریکردنە لە هاتنی تیرۆریستان بۆ ناوخۆی عێراق لە سنورەکان و قایمکردنی سنوری سوریا و ڕووبەڕووبوونەوەی داعشە لە بەرزاییەکان فورات.

ئەو وتانەی عەبادی لەکاتێکدایە لەدوای ئاشکراکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بەشێک لە لایەنە کوردستانییەکان و عێراق ڕەخنەی توند ئاراستەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەکەن بەوەی کە هەڵبژاردن ساختەکاری تیادا کراوە.



PM:07:53:22/05/2018