ئاڵا تاڵەبانی: ڕێبازی مام و کاک نەوشیروان ون ناکەم

ئاڵا تاڵەبانی رایدەگەیەنێت لەسەرەتاوە كاندیدی كاك نەوشیروان بووم بۆ پەرلەمان و جێی متمانەی بووم دەشڵێت "ڕێبازی مام و کاک نەوشیروان ون ناکەم".

ئاڵا تاڵەبانی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی كە لەسەر لیستێكی عەرەبی لەشاری بەغدا لەهەڵبژاردنی 12ی ئایاری 2018 كاندید بوو و سەركەوتنی بەدەستهێنا، لەهەژماری خۆی پۆستێكی بڵاوكردۆتەوە و تیایدا سوپاسی ئەوانە دەكات كە هاوكاری بوون لەو سەركەوتنە و دەڵێ‌ "ئاسان نییە لەشاری بەغدا لەناو نزیكەی دوو هەزار كاندیدی خەڵكی ئەو شارە پێشبڕكێی هەڵبژاردن بكەیت وبراوە بیت".

دەڵێ‌ "قسە زۆرە بۆ ناحەزان و ئەوانەی چاویان بەسەركەوتنی ئێمەو بونی ناوی تاڵەبانی هەڵنایەت".

ئاڵا تاڵەبانی دەڵێت "ئەم سەركەوتنە پێشكەشە بەڕۆحی شادی خاڵ و مامی خەشەویستم مام جەلال، چونكە خۆشەویستی بێ پایانی ئەو لەعێراق هەمیشە پاڵنەر و پاڵپشت بووە بۆمان".

سەبارەت بە نەوشیروان موستەفاش نوسیویەتی "سڵاو لەڕۆحی پاكی سەركردەی نەمر كاك نەوشیروان كە لەسەرەتاوە من كاندیدی بوم بۆ پەڕلەمان وهەمیشە جێی متمانەی بووم، هەردوو سەركردەی مەزنی كورد، دڵنیابن ڕێبازەكەتان وون ناكەم".



PM:10:14:22/05/2018