كۆبوونەوەی یەكێتی و پارتی كۆتایی هات

كۆبوونەوەی یەكێتی و پارتی كۆتاییهات و خالید شوانی ئەندامی شاندی یەكێتی بۆ بەغدا ڕایگەیاند، پێیان وایە كە پۆستی سەرۆك كۆمار پشكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە و دواتر لەو بارەیەوە قسەی زیاتر دەكەن.

ئەمڕۆ شاندی پارتی و یەكێتی لە بەغدا كۆنفرانسێكی هەواڵییان ئەنجام دا و تیایدا خالید شوانی ڕایگەیاند، پەرتەوازەییەكی گەورە لەنێوان هێزە عێراقییەكاندا هەیە و ئەگەر كورد یەكگرتوو بێت ئەوا دەتوانێت سود لەو پەرتەوازەییە ببینێت.

وتیشی "پێویستە لەسەر بەرنامەیەكی سیاسی كوردستانیانە ڕێكبكەوین و دانوستانی لەسەر بكەین."

لەلایەكی دیكەوە خەسرەو گۆران ئەندامی شاندی پارتی لە كۆنفرانسەكەدا وتی "دەمانەوێت لەگەڵ لایەنەكان بە یەك تیم بەشداری دانوستانەكان بكەین."

ئاماژەی بەوەش كرد، ئەم كۆبوونەوانە تەنیا بۆ دروستكردنی تەنسیق و هەماهەنگی بوون بۆ دانوستانەكان.

شاندەكەی یەكێتی ئەمڕۆ سەردانی بەغدای كرد و دوێنێش شاندێكی پارتی بە سەرۆكایەتی فازڵ میرانی گەیشتە بەغدا بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكان لەسەر پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق.

ئەوەش لەكاتێكدایە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ڕۆژی ١٢ی ئەم مانگە ئەنجام درا و گفتوگۆی لایەنەكانیش بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق دەستیپێكردووە.



PM:12:10:23/05/2018