لەسەر روداوەکەی شارەزوور شەش کەس دەستگیرکران

پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، شەش کەس بەهۆی روداوەکەی ئەمڕۆی قەزای شارەزوور دەستگیرکران، کە بەهۆی كێشەی زەوییەوە بووە هۆی کوژرانی کەسێک.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، ئەمڕۆ چوارشەممە، لەبەردەم دادگای لێكۆڵینەوەی شارەزوور شەڕ و ئاڵۆزی لە نێوان دوو بنەماڵەدا دروست بووە و بەوهۆیەوە هاوڵاتی (س ، ح ،خ) ی تەمەن ٢٥ ساڵ کوژرا.

ئەوەش هاتووە، 
دوای گەیشتنی هێزەكانی پۆلیس شەش کەس لە تۆمەتبارانی ڕووداوەكە، دەستگیر دەكرێن، کە لەنێویشیاندا تۆمەتبار (ع ) كە هەستاوە بە تەقەكردن بەپێی مادەی ٤٠٦ لەیاسای سزادانی عێراقی و بەفەرمانی دادوەر ڕاگیراوە .

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا پۆلیسی سلێمانی ئەوەشیخستوەتەڕو، لە ئێستاشدا لە لایەن بنكەی پۆلیسی شارەزوورەوە پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ڕوداوەكە كراوەتەوەو لێکۆڵینەوە بەردەوامە.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ ٢٣ ی ئایار لەبەردەم دادگای‌ شارەزوور بەهۆی‌ كێشەی‌ دوو خانەوادەوە دەبێتە شەڕ و لە ئەنجامدا كەسێك كوژراو پێنجی‌ دیكەش برینداربوون.





PM:08:49:23/05/2018