لە عەفرین شەڕ و پێکدادان دەستی پێکردەوە

ڕوانگەی مافی مرۆڤی سوریا بڵاویکردەوە، گروپە هاوکارەکانی سوپای تورکیا کە بەشداربوون لە گرتنی شاری عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان، لە ناو یەکدا بووە بە شەڕیان و کوژرا و برینداریش هەیە.

ڕوانگەی مافی مرۆڤی سوریا بڵاویکردەوە، دوێنێ ٢٣ی ئایار پێکدادانی چەکداری لە نێوان گروپێکی کوردی بەشدار لە ئۆپراسیۆنی چڵە زەیتون و سوپای ئەحراری خۆرهەڵات کە زۆربەیان چەکداری ناوچەی دێرەزوورن و لە ناو هەمان ئۆپراسیۆندا بەشداربوون بۆ هاوکاریکردنی سوپای تورکیا، لە ناو خۆیاندا بووە بە شەڕیان و پێکدادان لە نێوانیاندا ڕوویداوە.

بەگوێرەی هەواڵەکە سوپای تورکیا دەستوەردانی کردووە بۆ وەستاندنی پێکدادانەکە، دوای ئەوەی ژمارەیەک کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە و دواتریش پێکدادانەکە سەریکێشاوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان یەکەکانی پۆلیسی تورکیا و چەکدارانی گروپی سوپای ئەحراری شەرقی.

ڕوانگەی سوریا بڵاویکردەوە، لەدوای چوونە شاری عەفرین و تاڵانکردنی بەشێکی زۆری شارەکە لەلایەن ئەو گروپانەوە، ئەوە سێهەمین جارە پێکدادانی چەکداری لەنێوانیاندا ڕوودەدات، بەتایبەت لە یەکەم ڕۆژی داگیرکردنی شارەکە و دەستکردن بە دیاردەی تاڵانی شار و بازاڕی هاووڵاتیان.

لەدوای کۆنترۆڵکردنی شاری عەفرین لەلایەن سوپای تورکیا و گروپە هاوکارەکانییەوە لە مانگی ئازاری ڕابردوودا، پرۆسەی دزی و تاڵانی شارەکە بەردەوامە و بەشێکی زۆری ماڵ و حاڵ و کەلوپەل و دامەزراوەی شارەکە دزراوە.

بەپێی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان دزی و تاڵانکردنی شارەکە بەزۆری کەلوپەلی خۆراک و ئامێری کشتوکاڵی و ئوتۆمبێل و ئامێری ئەلکترۆنی و موەلیدەی کارەبا و کەلوپەلی دامەزراوە گشتی و تایبەتەکان بووە لە شارەکە.



PM:05:08:24/05/2018