" پێدەچێت ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، یان بەشێکی ئەنجامەکە هەڵبوەشێندرێتەوە "

شاسوار عەبدولواحید لەزاری حەیدەر عەبادیەوە رایدەگەیەنێت " پێدەچێت ئەنجامی هەڵبژاردن، یان بەشێک لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکە هەڵبوەشێنرێتەوە."

میدیای نەوەی نوێ بڵاویکردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراقدا کۆبووەوە و تیایدا گفتوگۆیان لەسەر ئەنجامدانی ساختەکاری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کردووە.

هاوکات شاسوار عەبدولواحید لەپەرەی تایبەتی خۆی لە فەیسبوک ئاماژەی بەوەکردووە، لە کۆبونەوەکەدا حەیدەر عەبادی باسی لەوەکردووە، پێدەچێت ئەنجامی هەڵبژاردنەکان یان بەشێکی ئەنجامەکە هەڵبوەشێندرێتەوە.

شاسوار عەبدولواحید ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە کۆبونەوەکەدا باسیان لە فەزیحەی تەزویر کردووە لە هەرێم و عەبادیش دانی بەوەدا ناوە کە تەزویرێکی گەورە کراوە.

عەبادی لە کۆبونەوەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمڕۆ کۆبونەوەی نوێنەری تەواوی دامەزراوەکانی وڵات لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران ئەنجام دراوە و لیژنەیەکیان پێکهێناوە کە لە ماوەی دوو رۆژدا راپۆرتی خۆیان پێشکەش بکەن و تا ئەو کاتەش، ئاستەمە دەستەی دادوەری ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان پەسەند بکات.

سەبارەت بە کۆبوونەوەکەش، نوسینگەی ڕاگەیاندنی حەیدەر عەبادی بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا عەبادی و شاسوار عەبدولواحید گفتوگۆیان کردووە لەبارەی حکومەتی داهاتووی عێراق و پەلەکردن لە پێکهێنانی.




PM:10:43:24/05/2018