پارتی: سەرۆک کۆمار پشکی ئێمەیە

ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە پۆستی سەرۆک کۆمار پشکی کوردە و لە ناو کوردیش پشکی پارتی دیموکراتی کوردستانە.

عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە میدیاکانی حزبەکەی ڕاگەیاند "پشکی سەرۆک کۆماری عێراق بۆ کوردە و لە ناو کوردیشدا بۆ پارتییە، بۆیە ئەگەر پارتی ئەو پۆستەی خۆی وەربگرێ یان وەرنەگرێت و بیداتە کوردێک یان عەرەبێک، ئەوا دەبێ بە پێی ڕێککەوتن بێت".

ئەو ئەندامەکەی سەرکردایەتیی پارتی، ئەوەی خستە ڕوو، بە پێی عورف لە ھەموو وڵاتانی دونیا، لیستی براوە بڕیار دەدات، کێ ئەو پۆستە وەردەگرێ یان وەری ناگرێ، بەڵام "لە ماوەی ڕابردوو نوێنەرانی یەکێتی ئەدایەکی باشیان نەبووە، بەتایبەت لە خولی فوئاد مەعسوومدا ھەر ھیچ نەبووە".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "جاری پێشتر یەکێتی پۆستەکانی لە ھەرێمی کوردستان و بەغداش بەهۆی پارتی وەرگرت، بەڵام دواتر خۆی و نوێنەرەکانی گەلەکۆمەکییان لە پارتی کرد، لە ھەموو ئەمانەشدا یەکێتی سەرقافڵەی ئەوە بوو کە چۆن دەسەڵاتەکانی ھەرێمی کوردستان کەم بکرێتەوە".

وتیشی "ئەگەر سەرۆک کۆمار سەرۆکایەتیی خۆی بکردایە، ئەوا دەبووایە بە پێی ئەو دەستوورەی عێراق کە ھەیە، ئێستا حەیدەر عەبادی، نووری مالیکی، ئیبراھیم جەعفەری ڕاپێچی دادگا بکردایە، چونگە ٥٥ مادەی دەستوورییان پێشێل کردووە".

عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی، دەڵێت "سەرۆک کۆمار، بۆ خۆی لێی پاڵداوەتەوە و مانگانە چەند ملیۆن دۆلار مووچە و ئیمتیازات وەردەگرێت، ٤ بۆ ٥ ھەزار پاسەوانی ھەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا پاسەوانی خۆی ڕفێنرا، نەیتوانی ئازادی بکات، ئەمە ئەدای نوێنەری یەکێتی بوو".

جەختی لەوەش کردەوە، کە دەبێ نوێنەرێک لە بەغدا بێت، کە ئیمانی بە سەربەخۆیی کوردستان و مافەکانی گەلی کوردستان ھەبێ و نوێنەرایەتیی گەلی کوردستان بکات، وتیشی "ئەگەر نا ئێمە چیمان داوە لەوەی کە سەرۆک کۆمار کورد بێ و مافی کورد پێشێل بکرێت، باشە ئەو کاتە لەگەڵ عەرەب و تورکێک جیاوازی چییە؟، ئەگەر تورک و عەرەب بێ، ئەوکاتە ئەڵێین ئەوانە دووژمنن، دەنا کوردێ سەرۆک کۆمار بێ، یان پۆستی وەزیر بێ، بەس بۆ کەسەکە خۆی باشە کە مووچە وەردەگرێ، بۆ کوردستان سوودی چی بووە؟، مووچەمان بڕا ھیچی پێ نەکرا، لەشکرکێشی کرایە سەرمان ھیچ کاردانەوەی نەبوو، مادەی ١٤٠یان جێبەجێ نەکرد، ھیچ نەبوو، ئیمتیازاتی پێشمەرگە کە ھێزێکی دەستوورییە نەدرا، ھیچی نەکرد".



PM:05:10:26/05/2018